" ئەبێت کوردستان، تووشبوون بە ئاسایی وەرگرێت! "

نووسەر ڕۆژنامەوانێكی كورد لە ئەمریكا لە شیكارییەكدا ئاماری تووشبوون و چارەسەر و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەخاتەڕوو.

لوقمان غەفوور نووسەر و ڕۆژنامەوانی كورد لە ئەمریكا لە شیكارییەكدا كە پشتی بە ڕۆژنامەی (لۆس ئەنجلس تایمز) بەستووە سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕایدەگەیەنێت”پێوەری جیهانی بۆ ئەم نەخۆشییە بەم شێوەیەیە: ٤٠٪ ی ناوچەكە تووشی نەخۆشییەكە دەبێت. ١٪ی ئەو ٤٠٪ دەمرێت. هەروەها ٨٠٪ ی ئەو ٤٠٪ بەسووكی تووش دەبن و مەرج نییە نەخۆشخانەیان بووێت و ١٠٠٪ چاكدەبنەوە. ٪١٠ ی ئەو ٤٠٪ـە سەروو ٨٠ ساڵن.

لوقمان غەفوور ئاماژە بەوەشدەكات" ئەم پێوەرە بۆ خراپترین ناوچەیە كە تێیدا بڵاودەبێتەوە وەك شاری وۆھان لە چین یان ناوچەی لۆمباردی ئیتالیا".

ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسە دەشڵێت" كورتەی قسە ئەمەیە، ھەرێمی كوردستان نزیك ٥ ملیۆن كەسە، نابێت وەك شاری وۆھان یان ناوچەی لۆمبارد-ی سەیربكەین، بەڵام ناشبێت بیكەین بە تۆقینی گەورە لەكاتی تووشبوونی خەڵك بە نەخۆشییەكە. گەورەترین كار ئەوەیە خەڵكی كوردستان لە ماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە".

ئەوەشدەخاتەڕوو: ئێستا ئەمڕۆ ٢٢ ی ئازار، (٧٥ ملیۆن) كەس لە ئەمریكا لە ماڵەوەیە. بەمەشەوە ئەمریكا خۆی بۆ قوربانی گەورە ئامادەكردووە.

لوقمان غەفوور ڕوونیشیدەكاتەوە: بەكورتی بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوونتر بێت: ھەرێمی كوردستان ٥ ملێون كەسیش بێت تا ٢٠٠ ھەزار كەسیش ئاساییە تووشبێت. لەم ٢٠٠ ھەزار كەسە ١٦٠ ھەزاری پێویستی بە نەخۆشخانە نییە. خۆی لەماڵەوە بسرەوێت بە تەنیا لە ژوورێكدا بێت ١٠٠٪ چاكدەبێتەوە.

هەروەها،٤٠ ھەزار كەسەكەی تر كە ١٪ ی ئەگەری مردنی ھەیە دەكاتە ٤٠٠ كەس مردن لە كوردستان. لەم ٤٠٠ كەسە بە پێی پێوەری جیهانی ٤٠ كەسیان سەروو ٨٠ ساڵن، جا ئەمەی من باسی دەكەم خراپترین حاڵەتە كە ھیوادارم ھەرگیز یەك كەسیش نەمرێت.

لە كۆتاییدا ئەوەدەخاتەڕوو، بۆ ئەوەی ئەم ژمارانە ھیچی نەبێت پێویستە لە ماڵەوە دانیشن.

PM:01:13:23/03/2020