ڤیدیۆ.. مەزڵوم کوبانێ پەیامێک ئاراستەی هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان دەکات

مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەڵێت"  لەم قۆناغە هەستیارەدا دەڵێین، کارمەندانی تەندروستی، فەرماندەکانی ئێمەن".


مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات – قەسەدە، لە بارەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەڵێت " وەکو هەموومان دەزانین و لە نزیکەوە ئاگادارین، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان لە هەڵکشاندایە، هەرچەندە هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکانی ئێمە بە شێوەیەکی فەرمی تۆمار نەکراوە، بەڵام هەڕەشە هەر هەیە، لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چەند بڕیارێکی بۆ گرتنەبەری ڕێوشێوی پێویست دەر کردووە.


فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەموومان پابەندی بڕیارەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بن و جێبەجێیان بکەن و دەڵێت " چونکە ناوچەکانمان توانایان سنووردارە، بۆیە باشترین ڕێوشوێن خۆپاراستنە لەو ڤایرۆسە".


ئەو دەشڵێت "تەنها پاراستنی شارەکان بەس نییە، بەڵکو پێویستە خانەوادەکانمان، دەوروبەرمان، دۆست و هەڤاڵانیشمان لەم ڤایرۆسە بپارێزین، بۆیە دەبێت هەموو ئەو بڕیارانەی دراون، یەک بە یەک جێبەجێیان بکەین".


کوبانێ وتیشی "ئێمە دەڵێین، لەم قۆناغە هەستیار و مەترسیدارەدا، کارمەندانی تەندروستی فەرمادەکانی ئێمەن، بۆیە خەباتیان بەرز دەنرخێنین، هاوکات بانگەوازیی ئاڕاستەی گەلەکەمان دەکەین کە هاوکاربن بۆ کار و خەباتی کارمەندانی بواری تەندروستی و نەهێڵن ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمەکە بڵاو ببێتەوە".
 


PM:03:07:24/03/2020