پارێزگای هەولێر: هەموو ئاسانكارییەك بۆ ئەوانە دەكرێت كە خۆراك دەگوازنەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر پەیوەست بەو ئاسانكاریەی کە دەکرێت بۆ ئەوانەی كە خۆراك دەگوازنەوە دەڵێت" ناكرێ هەر كۆمپانیا و ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوە بە ئارەزووی خۆی هاتوچۆ بكات، بەڵام دەتوانن رۆژانە كەلوپەلی خۆیان دابەش بكان و هیچ كێشەش نییە".

بەیار فایەق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند" رێگری لە هیچ كۆمپانیایەكی دابەشكردنی خۆراك نەكراوە و رۆژانە كاتیان بۆ دیاری كراوە و دەتوانن لەو ماوەیەدا خۆراكی خۆیان دابەش بكەن، ئەوەی باس لەوە دەكات كە گوایە رێگرییان لێ دەكرێت، راست نییە، چونكە خۆمان رێگەپێدانمان پێ داون و دەتوانن هاتوچۆ بكەن، بەڵام ناكرێ 24 سەعات هاتوچۆ بكەن، وە  هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ كراوە و هیچ كێشەیەك نییە".

لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد" ئەوەی ئێمە دەیكەین تەنها جێبەجێكردنی رێنماییەكانە و رێگریمان لە كەس نەكردووە كە رێگەپێدراوە، بەڵام پشكنین هەیە، چونكە بینیمان كە لەناو ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی كەلوپەل چۆن خەڵكی عەرەبیان دەگواستەوە، بۆیە ئێمە تەنها ئەركی خۆمان جێبەجێ دەكەین و بەپێی رێنماییەكان رێگری لە كەس ناكەین".


 

PM:03:43:25/03/2020