سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ: حکومەت بەئارەزووی خۆی یاری بە هەست‌و گوزارانی خەڵک دەکات

بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ نیگەرانە لەسەرۆکایەتی پەرلەمان و رەخنەی توندیش لە حکومەت دەگرێت و دەڵێت "ناکرێ حکومەت بە ئارەزووی خۆی یاری بە هەست و گوزەران و ژیانی خەڵک بکات و پەرلەمانیش تەنها تەماشاکەر بێت !!.

 
عەبدولتسار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لەپەرلەمانی کوردستان هەوڵەکانی خۆیان دەخاتەڕوو لە بارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر مووچەو کێشەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەڵێت " لە ١٧ ی ئازار بە فەرمی داوام لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان (سەرۆک و جێگر) کرد کە لە ئێستادا ئەگەر ناتوانرێ کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت، لانیکەم کۆبونەوەیەکی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئەنجامبدرێت سەبارەت بە دوو تەوەری زۆر گرنگ کە هەردوکیان پەیوەندیان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە :  پرسی موچە و دواکەوتنی لە ڕادەبەدەری و، هەروەها ئەو دۆخە دژوارەی بەهۆی کۆرۆناوە دروستبووە، ڕۆژی دواتر و لە ١٨ ی ئازار نامەم ناردووە بۆ بەڕێزان سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر هەمان بابەت و داوام لێکردوون پشتگیریم بکەن بۆ ئەو کۆبوونەوەیە" .

 
هەروەها دەشڵیت "دوابەدوای ئەوەش هەمان داواکاریم لە گروپی تایبەت بە ئەندامانی پەرلەمان ئاراستەی ئەندامانکرد، بەڵام بەداخەوە (جگە لە کەمینەیەکی زۆر کەم) پشتیوانی داواکەی ئێمەیان نەکرد و ئەو خەمساری و بێباکییەش دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان و گوزەرانی خەڵکی گەیاندۆتە چی ڕۆژێکی ڕەش !".


لە کۆتاییدا سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت "پێویستە پەرلەمانی کوردستان چیتر بێدەنگ نەبێت، وەک دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراو و نوێنەری خەڵک، قسەی لە هەردوو پرسەکەدا هەبێت . ناکرێ حکومەت بە ئارەزووی خۆی یاری بە هەست و گوزەران و ژیانی خەڵک بکات و پەرلەمانیش تەنها تەماشاکەر بێت !".




PM:10:22:25/03/2020