كه‌شناسى هه‌رێمى كوردستان هۆشدارییهكى بڵاوكرده‌وه
ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كه‌شناسى و بوومه‌له‌رزه‌ی هه‌رێمى كوردستان هۆشدارییهكى بڵاوكرده‌وه و پێشبینییه‌كانى له‌باره‌ى ره‌وشى كه‌شوهه‌واى چوار رۆژى داهاتووه‌وه راگه‌یاند.
ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كى ده‌ست "سپی" كه‌وتووه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كه‌شناسى و بوومه‌له‌رزه‌ی هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه" هه‌رێم ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری درێژبوونه‌وه‌ی نزمه پاڵه پهستۆكانی (ده‌ریای ناوه‌ڕاست و ده‌ریای سوور و نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی)".
ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو" ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تای هاتنی كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆله له‌سه‌ر ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمى كوردستان به‌دیار ده‌كه‌وێت، باران به‌شێوه‌ی پچڕ پچڕ له ناوچه شاخاویيه‌كان ده‌بارێت، سه‌نته‌ری پارێزگاكانیش ئه‌گه‌ری نمه بارانی هه‌یه، سبه‌ینێ هه‌ینی له شه‌ودا كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆله كارده‌كاته سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه‌مان، باران له ته‌واوی ناوچه شاخاوییه‌كان و سه‌نته‌ری پارێزگاكان ده‌بارێت، ناوچه شاخاویيهكانی پارێزگای دهۆك وه‌ك (دینارته، ئاكرێ، سه‌رسه‌نگ، ئامێدی، كانی ماسی) هه‌روه‌ها به‌شێك له ناوچه شاخاوییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر وه‌ك (ره‌واندز، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمه‌ران، سیده‌كان، مێرگه‌سوور، بارزان) بارانیان زیاتر ده‌بێت".
باسى له‌وه‌شكردووه" رۆژی شه‌ممه‌ى داهاتوو رێكه‌وتى 28 ى 3 ى 2020، كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆله به‌رده‌وامی ده‌بێت، جگه له باران بارین ئه‌گه‌ری هاتنی بارسته هه‌وایه‌كی تۆز و خۆڵ هه‌یه بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌مان، له هه‌ندێ ناوچه به‌شێوه‌ی تۆز و خۆڵ و له هه‌ندێك ناوچه له‌گه‌ڵ باران تێكه‌ڵ ده‌بێت".
راشیگه‌یاندووه" كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆله له رۆژی یه‌ك شه‌ممه رێكه‌وتى 29 ى 3 ى 2020، لاواز ده‌بێت و ئاسمان له‌و رۆژه‌دا به نیمچه هه‌وری ده‌مێنێته‌وه، رۆژی دوو شه‌ممه دووباره له زۆربه‌ی ناوچه‌كان باران ده‌بارێت و له هه‌مان رۆژ باران بارین كۆتایی دێت و كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆله كۆتایی دێت".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه" له ماوه‌ی ئه‌م شه‌پۆله، پله‌كانی گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه و هه‌ندێك جار هه‌وره تریشقه‌ش ده‌بێت و له ناوچه شاخاوییه‌كانی پارێزگای دهۆك ئه‌گه‌ری ته‌رزه بارین هه‌یه".
PM:12:21:26/03/2020