بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران لە راگەیەندراوێكدا، سێ کادیرە دەستگیرکراوەکەی یەکێتی بە شکاندنی قەدەغەی هاوتوچۆ تۆمەتبار دەکات.
لە راگەیەندراوەكەی قائیمقامیەتی سۆراندا ھاتووە: "دوێنێ شەو سێ هاووڵاتی دۆڵی باڵەیان سەر بە ناحیەی قەسرێ بەهۆی شکاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و هەروەها گواستنەوەی خەڵک بە قاچاخ لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کران. جیا لەم سەرپێچییە هیچ هۆکارێکی دیکە بۆ دەستگیرکردنی ئەم هاووڵاتیانە نەبووە و خودی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەش ئاگادارن و دەزانن ئەمانە بۆ دەستگیر کران، بەڵام بەداخەوە کەسانێک ئەم بابەتانە دەخەنە قاڵبێکی سیاسییەوە و رێگری لە جێبەجێکردنی یاسا دەکەن".
ئاسایشی سۆران باس لەوەش دەکات: "بەهۆی ئەو کێشەی خوڵقێندرا ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی سەرۆکی حكومەت ئەو سێ کەسە ئازاد کران، ئەوەش دوای ئەوەی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەم داوایەی ئاراستەی سەرۆكی حكومەت کردبوو".
ئاسایشی سۆران دەشڵیت: "هێزەکانی ئاسایش یاسا و رێنماییەکان جێبەجێ دەکەن و هیچ جیاکارییەک لەم بوارەدا ناکەن. هیوادارین لەم دۆخە سەختەدا هەموو لایەنە سیاسییەکان هاوکارمان بن تاکو یاسا و رێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت".
ئەو سێ کادیرەی یەکێتی دوێنێ شەو دەستگیرکران، ئەمڕۆ وەک میدیای یەکێتی ئاماژەی بۆ کرد، ئازاد کراون.