هەوڵدەدرێت سەگ بەکاربهێنرێت لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا

رێکخراوێکی خێرخوازی بەریتانی لەگەڵ چەند زانایەکدا لە وتوێژدان بۆ بەکارهێنانی سەگ لە دۆزینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، لەبەرئەوەی سەگ زۆر بەتوانایە لە بۆنکردندا.


رێکخراوی " میدیکڵ دیتکش و دوگەر" بەریتانی لەگەڵ کۆمەڵێک زانادا سەگ رادەهێنن بۆ ئاشکرای کردنی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.


ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئەو رێکخراوەوە، ئاشکرای دەکات کە پێشتر سەگ بەکارهاتووە لە دۆزینەوەی ئەو کەسانەی شێرپەنجەو بارکنسون و هەوکردنی بەکتریایان هەبووە، ئەو بەرپرسە جەختی لەسەر ئەوەش کردۆتەوە کە سەگ دەتوانێت ( کۆڤید ١٩ ) ئاشکرا بکات.

 
ئەو رێکخراوە باس لەوە دەکات دەتوانرێت سەگەکان لەماوەی ٦ هەفتەدا رابهێنرێت تا بگەنە ئەو ئاستەی کە ڤایرۆسەکە ئاشکرا بکەن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ئامێر بێت، ئەمەش سنورێک بۆ تووشبوونی خەڵک دادەنێت.

 
ئەوە لە کاتێکدا کە مرۆڤایەتی دەیەوێت چی لەبەردەستدایە سوودی لێوەربگرێت بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا کە نیو ملیۆن تووشبووی تێپەڕاند و بڵاوبۆتەوە لە ١٨٢ وڵاتداو ٢٢٩٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 


PM:12:28:27/03/2020