قائیمقامیەتی سلێمانی: سەرکەوتن نزیکە

 
قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی سلێمانی پێیوایە سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، نزیک بۆتەوە.


قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی سلێمانی، ئەمڕۆ ٢٩ی ئازار لە راگەیەندراوێکدا، دەڵێت " ئێستا ساتەوەختێکی تەواو مێژوییە بۆ هەرێمی کوردستان، داواتان لێدەکەین دانبەخۆتاندا بگرن، زۆرێک لە دژوارییەکانمان تێپەڕاندووە“.


قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی سلێمانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەردەوام بن لە مانەوە لە ماڵەوە و پابەندی تەواوی رێنماییەکان بن تا ئەو کاتەی مەترسی کۆرۆنا کەمدەبێتەوە و دواجار بە ھەوڵی ھەموان بەسەر کۆرۆنادا سەر دەکەن“.


لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ”قۆناغی مەترسی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا بەرەو رەوینەوە دەڕوات، چەند ھەفتەی داھاتوو  نزیک دەبینەوە لە سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا“.


تا ئێستا 122 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لە ژمارەیەشدا، 51 کەس چاک بوونەتەوە و ٢ کەسیش گیانیان لەدەست داوە، کە هەردووکیان بەتەمەن بوون و نەخۆشیی دیکەشیان هەبووە.

 
ئەو گەشبینییەی قائیمقامیەتی سلێمانی لە کاتێکدایە ئێران و تورکیا لەڕووی بڵاوبووبەوەی ڤایرۆسەکەو قوربانییەکانەوە زۆر دۆخیان خراپە.

 


AM:10:26:29/03/2020