ژماره‌یه‌ك زیندانی داعش له‌به‌ندیخانه‌ی حەسەکە هه‌ڵهاتن

وتەبێژی هێزەكانی سوریای دێموكرات ئاشكرای ده‌كات، به‌ندیخانه‌ی حەسەكە گرژیی و ئاڵۆزیی تێكەوتووەو زیندانیانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش هەڵهاتنی بەكۆمەڵیانداوە. ده‌شڵێت" ژمارەیەكیان توانیویانە هەڵبێن".

مستەفا بالی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دێموكرات (هەسەدە) لە هەژماری تایبه‌تی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند" زیندانیانی رێكخراوی تێرۆریستی داعش لە به‌ندیخانه‌ی گەورەی حەسەكە لەمیانی هەوڵدانیان بۆ هەڵهاتن دەروازە ژێرزەمینییەكانیان كۆنتڕۆڵكردووەو لەو نێوەندەدا ژمارەیەكیان توانیویانە هەڵبێن". 

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكردووه‌" دۆخی ناو به‌ندیخانه‌ی حەسەكە گرژیی و ئاڵۆزیی تێكەوتووە و دەستبەجێ پاسەوانانی گرتوخانەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هەوڵی كۆنترۆڵكردنی گرتوخانەكەیانداوەو بەهاوكاری هێزەكانی روبەڕوبونەوەی تێرۆر هەوڵدەدرێت نهۆی ژێرزەمینیی كۆنترۆڵبكرێتەوە". 

به‌ندیخانه‌ی زیندانیانی رێكخراوی تێرۆریستی داعش لە حەسەكە، بە گەورەترین به‌ندیخانه‌ دادەنرێت لە رۆژئاڤای کوردستان و تیایدا زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامی داعش كە هاوڵاتی ژمارەیەك وڵاتانی جیهانن، تێیدا بەندكراون، كه‌ لەژێر دەسەڵاتی هێزه‌كانی هەسەدە دایه‌.


AM:11:44:30/03/2020