بەشیر حەداد هۆشداری دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەران دەدات


جێگری دووەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت" كۆرۆنا پەتایەكی جیهانیە، بۆیە بارودۆخی وڵاتانی خراپ كردووە، لەبەرئەوەی چالاكی ئابوری وڵاتان وەستاوە، عیراقیش بارودۆخی ئابووری و ئەمنی تەواو نیە، لەبەر ئەوە ئەم بارودۆخە لەسەر عیراق كەمێك قورستر دەكەوێت بەتایبەتی پاش دابەزینی نرخی نەوت، ئێستاش ئەو داهاتەی بەدەست عیراق دەگات بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ناكات".

بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند" سیستەمی تەندروستی عیراق سیستەمێكی لاوازە، ئێستا دامودەزگاكان ژێرخانێكی ئەوتۆیان نیە كە بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرێت، ئێمە لەپەڕلەمان لیژنەیەكی پەڕلەمانیمان پێكهێناوە بۆ بەدواداچوون و چاودێریكردنی كاروبارەكانی حكومەت و كاروبارەكانی شانەی قەیرانەكان، بڕە پارەیەكیش تەرخان بكرێت بۆ یارمەتیدانی ئەو كەسانەی بژێوی ژیانیان لەسەر كاری ڕۆژانەیە".

وتیشی" تا ئێستا بودجەی ساڵی 2020 پەسەند نەكراوە، ئێستا عیراق لەسەر بودجەی ساڵی 2019 دەڕوات بە میكانیزمی یەك لەسەر دوانزە بۆ وەزارەتەكان بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری خۆیان، ئەوەی لە عێراقدا ئەنجام دەدرێت بۆ هەموو عیراقە، چونكە ئێستا بودجەی هەرێمی كوردستان لە عیراق دەنێردرێت كە ئەم بڕە پارەیە لە بودجەی ساڵی 2019 بڕیاری لەسەر دراوە و كاری پێدەكرێت، هەر پارە دابەشكردنێك لە عیراقدا بكرێت، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، ئێمە چاوەڕێ دەكەین ئەو هاوكاریانەی كە بۆ عیراق دەكرێن بەشی هەرێمی كوردستانی لێوەربگیرێت جا چ یارمەتی دارایی بێت یان داودەرمان یاخود هەر كەرەستەیەكیتر".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد" تا ئێستا بەفەرمی باس لەوە نەكراوە، دەستكاری موچە بكرێت نە لە عیراق، نە لە هەرێمی كوردستان، ئێمە لە خەیاڵدا ناژین بارودۆخەكە مەترسیدارە، بارەكە قورسە، ئەگەر نەوت ئاوا نرخەكەی دابەزێت و درێژە بكێشێت زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت زیان دەكەن وە لەناویاندا عیراق لەهەموویان زیاتر زیان دەكات، ئەگەر عیراق نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات ئیتر چۆن دەتوانێت مووچەی هەرێمی كوردستانش بدات؟ هیوادارم بارودۆخی كۆرۆنا و جیهان بەرەو باشتر بڕوات و نرخی نەوت بەرز ببێتەوە".

ئاشكراشیكرد، هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، دەسەڵاتی یاسادانان و ڕاپەڕاندن و ئەنجومەنی دادوەری هەیە و پێویست بەوە ناكات كە پرس بە بەغدا بكات بۆ دەستكاریكردنی موچە، ئەگەر گەیشتە حاڵ و بارودۆخێكی ئاوەها كە بەغداد مووچەی نەنارد و نەوتیش ئەوەندە نرخەكەی دابەزی، لەوانەیە چەند ڕێكارێك بگیرێتەبەر.

بەشیر حەداد ڕاشیگەیاند" هەرێمی كوردستان دەتوانێت بەبێ بەغدا ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر بۆ بەڕێوەبردنی بارودۆخی خۆی، هیوای ئەوە ناخوازم كە هەرێمی كوردستان دەستكاری مووچە بكات، بەڵام ئێستا داهاتی هەرێمی كوردستان نزیك بووەتەوە لە سفر، داهات نیە كە داهاتیش نەبێت چۆن دەتوانرێت مووچە دابین بكرێت؟ دوور نیە حكومەت هەر گۆڕانكارییەك یان میكانیزمێك بگرێتەبەر لەوانەشە هەرێمی كوردستان قەرز لە كۆمپانیاكانی ناوخۆ بكات".

جەختی لەوەش كردەوە، عیراق بە دەیان ملیار دۆلار یەدەگی هەیە و بە دەیان تەن زێڕی یەدەگی هەیە، بەڵام دەستبردن بۆ یەدەگی نەختینەیی شتێكی باش نیە، لەوانەیە عیراق بتوانێت بۆ ماوەی دوو مانگ قەرز لە یەدەگی خۆی بكات، بەڵام ئەگەر یەدەگی دارایی هەر وڵاتێك كەم بووەوە، ئەوا نرخی دراوەكەی نامێنێت، واتە ئەوكاتە بەهای دیناری عیراقی زۆر دادەبەزێت و هیچ بەهایەكی نابێت لە دەرەوە.

PM:02:01:31/03/2020