كۆمپانیاكانی نه‌وت 15 ملیۆن دۆلار بۆ ئاواره‌كانی سوریا لەهه‌رێم ته‌رخان ده‌كه‌ن

کۆمپانیاکانی نەوت تا ئێستا 15 ملیۆن دۆلاریان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە سووریاکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە.
 
کۆمپانیا کارکەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا بڕی 15 ملیۆن دۆلاریان وەک, فریاگوزاری مرۆیی تەرخانکردووە بۆ ئاوارە سووریەکان کە بەهۆی جەنگ و قەیرانەکانی سووریاوە هەڵهاتوون، ئەمەش لەرێگەی دەستپێشخەریەکەوە کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە راگەیەنراوه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هەزاران ئاوارەی سووریا کە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵهاتوون لەرێگەی ئەم کۆمەکە مرۆییەوە یارمەتی و فریاگوزاریان پێگەیشتووە.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ ‌بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کۆمەکە داراییەکانیان بە باشترین و کاریگەرترین شێوە بەکار دەهێنرێن، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکانیش کۆمەکەکانیان بەخشیووە بە رێکخراوە ناحکومییەکان‌.

هاوكات وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش لە 2013دا  بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەکو هاوکاری بەخشیوە بە ئاوارەکانی سووریا.

لەو کاتەوەی راگەیەنراوە، دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای ئاوارەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان  (UNHCR)ەو ە پشتگیری لێکراوە. رێکخەری (UNHCR) لە هەرێمی کوردستان  ئیمانوێل گیگناک ووتی ‌ئەم دەستپێشخەریەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەرز دەنرخێنین بۆ ئەوەی وەک یەک تیم لەگەڵ کەرتی نەوتدا لە هەرێمی کوردستان پشتگیری سەدان هەزار ئاوارەی سووریا بکەن. ئەم هاوکاریە زۆر گرنگە، بە تایبەتی بە رەچاوکردنی ئەو راستیەی کە ئەم خەڵکانە لە ژێر فشاردا لە ماڵ و وڵاتی خۆیان هەڵهاتوون.

ئەو کۆمپانیایانەی کۆمەکیان بەخشیوە پێکهاتوون لە تۆتاڵ، شێڤرۆن، وێسترن زاگرۆس، گەڵف کیستۆن، هێس، گەنەل ئێنەرجی، کار گروپ، تاقە، ماراسۆن و ئۆیڵ سێرچ. کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکانیش بەشداربوون لە کۆمەک بەخشیندا لەوانەش ئێنسن ئێنەرجی سێرڤسس (Ensign Energy Services) و ئۆ ئەی جی ئێس جی (OAGSG).

کۆمپانیای گەنەل ئێنەرجی ئەنگلۆ – تورکی کۆمەکە داراییەکانیان بەخشیوە بە رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی (international Save the Children). کیێران کینگ لە منداڵپارێزی نێودەوڵەتی لە عێراق ووتی ‌داهاتووی منداڵە سووریەکان لەژێر هەڕەشەدایە چونکە بێ بەشن لە خوێندن و دەکەونە دوای هاوتاکانیانەوە. شەریکایەتیمان لەگەڵ گەنەل ئێنەرجی و کۆمەکە داراییە بەخشندەکەیان توانا دەبەخشێت بە رێکخراوی منداڵپارێز باشتر یارمەتی منداڵە ئاوارەکان بدات لە رێی دابینکردنی پەناگە و ناوچەی سەلامەت کە تیایاندا دەتوانن یاری بکەن، فێر ببن، دەستبکەن بە چاک بوونەوە لەو زەبرە دەروونیەی کە بەهۆی هەڵهاتنینان لە ماڵەکانیانەوە ئەزموونیان کردووە.‌

بەهۆی کۆمەکی دارایی کۆمپانیای (شێڤرۆن)ەوە، رێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی جلوبەرگی زستانەی بۆ نزیکەی 8000 منداڵ دابینکردووە و شوێنی سەلامەتی بۆ منداڵان دروستکردووە و هەروەها هەڵدەستێت بە دروستکردنی چوار شوێنی یاری لە سێ کامپدا لە هەولێر.
کۆمپانیای هێس کۆمەکی داراییان داوە بە رێکخراوی (International Rescue Committee ) یان (IRC) بۆ پشتگیریکردنی پێنج دەستپێشخەری زۆر گرنگ بۆ بێدەرەتانترین لەنێو ئاوارەکاندا بە تایبەتی ژنان و بەساڵاچووان و منداڵان و گەنجان. هەروەها ئەم کۆمەکە یارمەتیدەر بوو بۆ رێکخراوی (IRC)  بۆ دروستکردنی یەکەم قوتابخانەی ناوەندی لەناو کامپی دۆمیز، کە گەورەتیرن کامپی ئاوارەکانە، و دابینکردنی کەلوپەل بۆی.

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پەترۆلیەم بڕیاری داوە کۆمەک دابین بکات بە پشتبەستن بە هەر بەرمیلێکی بەرهەمهێنراو لە ١ ی ئەیلولی ٢٠١٣ ەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ لەپێناو یارمەتیدانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم فریاگوزاریە مرۆییەدا.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان لە ئەیلولی 2013 دا لە لایەن د. ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمپانیا کارکەرەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستاندا، راگەیەنرا.
تیایدا هاتووه‌ كه‌ د. ئاشتی هەورامی ئامانجێکی دیاریکرد بۆ پەیداکردنی 50 ملیۆن دۆلاری  لە هاوکاری دارایی لەلایەن پیشەسازی نەوتەوە. سەرەڕای ئەو هاوکاریە داراییەی کە پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کورستانەوە تەرخانکرا بوو، د. ئاشتی ووتی کە ‌بەرامبەر هەر دۆلارێک‌ کە لە لایەن کەرتی نەتەوە دەدرێت، حکومەتیش ‌دۆلارێک دەبەخشیت.‌
لە ئێستادا نزیەکەی 215000 ئاوارەی سووری تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس لە رێگەی کۆمەکە داراییەکەیانەوە بۆ رێکخراوی مێرسی کۆر بێدەرەتانترینی لەنێو ئاوارەکاندا هەڵبژارد کە بریتی بوون لە 39 خێزان و ژمارەیەکی زۆری منداڵان و ئەو خێزانانەی کەژن بەڕێوەیان دەبات بۆ وەرگرتنی کەلوپەلی زۆر پێویستی زستانە و بەرهەمی تەندروستی.

له‌لایه‌كی دیكه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکانیش هەوڵەکانیان خستووتە گەڕ بۆ پشتگیریکردن لە دەستپێشخەری مرۆیی نەوت و غازی کوردستان. بەهۆی کۆمەکی دارایی کۆمپانیای ئێنسن ئێنەرجی سێرڤسس (Ensign Energy Services) ەوە، رێکخراوی (Norwegian Refugee Council) یان (NRC) جلوبەرگ و کەلوپەلی زستانەیان بۆ 1000 ژن دابینکردووە لە کامپەکاندا. هەروەها ئۆ ئەی جی ئێس جی(OAGSG) هاوکاری رێکخراوی خێرخوازیی (رایز فاوندەیشن – Rise Foundation) ی کردووە بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان لەرێی دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و بەکارهێنانی پاسێکی ڤان و پشتگیری کارگێڕی بۆ کارمەندەکانیان.



PM:03:01:05/05/2014