"ئێران خوازیارە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بدرێتەوە بە یەکێتی"

ئێران داوا لە حیزبە براوەکان دەکات بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری سلێمانی دەنگ بە کاندیدی یەکێتیی بدەن، لە بەرامبەردا ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە فشار دەخەنە سەر یەکێتیی بۆ بەشداربوون لە حکومەت و پێکهێنانی کابینەی هەشتەمدا.

هەفتەنامەی باس لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە، بەهۆی ئەگەری دەنگهێنانی زۆری گۆڕان و بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، ئێران داوایەکی ئاراستەی هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی کردووە، کە لەنێو ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگای سلێمانیدا، دەنگ بە کاندیدی یەکێتی بدەن بۆ پۆستی پارێزگاری ئەو پارێزگایە، چونکە لە دۆخی ئێستادا هیچ پارێزگارێک جگە لە کاندیدی یەکێتی، ناتوانێ کارەکانی ئەو شارە وەکو پێویست راپەڕێنێ.
 
بەپێی سەرچاوەکە، لە بەرانبەر بەو داواکارییە، ئێران بەڵێنی فشار خستنەسەر یەکێتیی داوە کە بەشداری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات کە بە سەرۆکایەتیی پارتی پێکهێنراوە و وەکو لایەنە سەرەکییەکان، تەنیا یەکێتیی ماوە بڕیاری چوونە ناو ئەو کابینەیە بدات.

لەمبارەیەوە فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  رایگەیاند، هیچ وڵاتێک تاوەکو ئێستا لەگەڵ یەکێتی باسی ئەو بابەتەی نەکردووە و فشاری نەخستووەتە سەر یەکێتی بەشداری لە حکوومەتدا بکات.

لەلایەكی ترەوە  محەمەد حاجی، ئەندامی جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوە دا کە سازش لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی ناکەن،
چونکە بە دەنگی خەڵکی سلێمانی بەدەستیان هێناوە، هەروەها کاندیدەکانیشیان دەنگێکی زۆری هێناوە.
وتیشی: بۆ هەر بڕیارێکیش بۆ جگاتی بزووتنەوەکەمان دەگەڕێینەوە.



PM:03:46:06/05/2014