٢٣ قاچاخچی بە تۆمەتی هێنانەوەی خەڵک لە ئێران دەستگیر کران

لە سنوری ئیدارەی راپەڕین ژمارەیەك هاوڵاتی كە لەرابردوو هاوڵاتیان لە ئێرانەوە بە قاچاخ هێناوەتەوە هەرێمی كوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران.

 

لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە" لە بەردەوامی هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئافاتی سەردەم، پەتای جیهانی کۆڕۆنا (کۆڤید19)، هێزەکانی ئاسایشی قەڵادزێ بە هاوکاری بنکەکانی (هەڵشۆ، هێرۆ، ئیسێوە، زەڵێ، ژاراوە) لە ماوەی ڕابردوودا (٢٣) کەسیان دەستگیر کردووە کە لەهەوڵی بەقاچاخ هێنانی خەڵکانی بیانی و کەلوپەلی قاچاخ دابوون".


لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" سەرجەم تۆمەتباران بە فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەر پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە بەپێی ماددەی (١٧) لە یاسای جەوازات، ماددەی(٣٨ و ٣٩) لە یاسای مانەوەی بێگانەکان، ماددەی (١٩٤) لە یاسای گومرگ، ماددەی (٢٤٠) لە یاسای سزادانی عێراقی، ئەمە جگە لەوەی چەندین کەسی دیکە هەر لە سنوور رێگەیان پێگیراوە و سنوورداش کراون".

 

بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم گەڕانەوەی هاووڵاتیان لەدەرەوەی هەرێم راگیراوە، بەڵام هەزاران كەس بە قاچاخ لە سنورەكانەوە داخڵی هەرێم بوون.



PM:07:32:01/04/2020