ئاسایشی گەرمیان بەرپرسێكی داعشی دەستگیر كرد

ئەمڕۆ پێنج شەممە بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی گەرمیان، ئاشکرایکرد" كەسێكیان دەستگیر كردوە، كە پێشتر لە سنوری ناحیەی گوڵاڵە و سەعدییە لەریزەكانی ریکخراوی ئەلقاعیدە كاری كردوە و دەستی لە رفاندن و كوشتنی ھاووڵاتیاندا هەبووە".

 

لیوا نەوشیروان، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" كەسێكمان دەستگیر كردووە بە ناوی مەحمود خورشید ناسراو بە (ئەبوو علی دلێمی) كە پێشترلە سنوری ناحیەی گوڵاڵە و سعدیە لەریزەكانی ئەلقاعیدە كاری كردوە و دەستی ھەبوە لە كوشتن و ڕفاندنی ھاووڵاتیاندا".

 

بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی گەرمیان رونیكردەوە: لەدوای ساڵی (٢٠١٢) ئەم تیرۆرستە بەیعەتی بەڕێكخراوی تیرۆرستی داعش داوە،  بەشداری سەرجەم شەڕو  ڕووبەڕووبوونەوەكانی كردووە بەرامبەر ھێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە، دەستی ھەبوە لە شەھید كردنی  چەندین ئاسایش و پێشمەرگەدا، هەروەها دەستی هەبووە لە شەھید كردنی ئاسایشێك و باوكی، سەرەڕای دانانی عبوە و ئەنجامدانی چەندین كردەوەی تر".

 

ئاشكراشیكرد: لەدوای كۆتایی ھاتنی داعش لەسنورەكە ڕووی كردوەتە موسڵ و لەوێ بەرپرسی لۆجستی چەكدارانی داعش بووە، دواتر روویكردووەتە وڵاتی سوریا و ماوەیەك لەوێ ماوەتەوە و جارێكیتر گەراوەتەوە حەویجە و دواتر بۆ خۆحەشاردان لە ھێزەكانی عێراق پێناسی ساختەی دەركردوە و لە ناحیەی رزگاری سەربەقەزای كەلار نیشتەجێ بووە. 

بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی گەرمیان راشیگەیاند" بەھۆی بەدواداچوون و زانیاریی ھەواڵگریی ھێزەكانی ئاسایشی گەرمیان، توانراوە دەستگیر بكرێت و ددانیشی ناوە بەتاوانەكانیدا".

 

 

 

 


PM:03:51:02/04/2020