یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند" هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی كۆششی ئەمساڵ لە دەست نەچێت و مسۆگەر بكرێت و دابینكردنی مووچە و كرێی وانەبێژیش، ئاسانكاریی زۆر بۆ سەركەوتنی ساڵی خوێندن دەكات".
دەقی راگەیاندراوەکە:
ڕاگەیانراوی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
دەربارەی ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠
جەماوەری كوردستان
مامۆستایانی دڵسۆز
قوتابیان و خوێندكارانی خۆشەویست
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆڤید١٩لە هەرێمی كوردستان داوای لە حكومەت و هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی كرد، پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەموو قۆناغەكان بوەستێنن، وەك هەنگاوێكی كردەیی بۆ خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە نەفرەتیە، داكۆكیشی لەسەر ئەوە كرد كە دەبێت هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی كۆششی ئەمساڵ لە دەست نەچێت و مسۆگەر بكرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە پەیوەندی بەردەوام و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بوو،وەك سەرەتایەك بۆبەرجەستەكردنی ئەو داخوازیە پشتگیری لە راگەیاندنەكەی وەزارەتی پەروەردە دەكات كە بریتیە لە كاتی دەستپێكردنەوەی دەوام و خشتەی ئەزمونەكان و بەكارهێنانی سیستەمی ئەلكترۆنی بۆ وانەكان هەر چەندە ئەوە بۆ هەموو قۆناغەكان و دەڤەرەكان وەك یەك نابێت بە هۆی كێشەی ئەنتەرنێت و كارەباو كەمی شارەزاییەوە، بەڵام هەر هەنگاوێكی باشە و بە ئەرێنی لێكی دەداتەوە ، پێویستە سود لە تەلەفزیۆنی پەروەردەییش وەربگیرێت بە پێی خشتەی وەزارەتی پەروەردە بۆ وانەكان و پۆلەكانی خوێندن، گرنگیشە هانی مامۆستا بەڕێزەكان بدرێت تاوەكو لە رێی كورتە نامەوە پەیوەندی بە خوێنكاران و قوتابیانەوە بكەن و رشدیان بكەن لەسەر خوێندنەوەی وانەكانیان، بڕواشی وایە ئەوانە و دابینكردنی موچە و كرێی وانەبێژی ئاسانكاری زۆر بۆ ئەو هەنگاوانە و سەركەوتنی ساڵی خوێندن دەكات، هاوكات دەبێت بیر لە ئەگەر و پلانیتریش بكرێتەوە ئەگەر خوانەكردە ئەم دۆخە درێژەی كێشا كە ئومێدەوارە بە هەوڵی هەموو لایەك لە پێشەوەیاندا وەزارەتەكانی تەندروستی و ناوخۆ و ئاسایش و هێزی پێشمەرگە و لایەنەكانیتر ئەو بەڵایە تێپەڕێنرێت و بگەینەوە كەناری ئارام و جارێكیتر ژیانی ئاسایی لە تەواوی جومگەكان دەست پێبكاتەوە.
كوردستان پارێزراوبێت سەرساغیش بۆ هەموان..
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
مەكتەبی سكرتاریەت