وەزیری تەندروستی داوای داخستنی کەناڵی NRT دەکەن

لە رێگای ماڵپەڕەکانی پارتی یەوە زانیارییەک بڵاوکراوەتەوە کە بەپێی بەڵگەنامەیەک کە تا ئێستا وەزیری تەندروستی خۆی هیچ لێدوانێکی لە بارەوە نەداوە داوای داخستنی کەناڵی NRT  دەکات.

ماڵپەڕی باسی سەر بە پارتی، بڵاویکردۆتەوە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، لە نووسراوێکدا کە دوێنێ دووشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٠ واژۆی کردووە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کردووە و وێنەیەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە، ئاماژەی بەوە داوە کە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) رۆژی ٥ی نیسانی ٢٠٢٠، لە راپۆرتێکدا وەزارەتی تەندروستی بەوە تۆمەتبار کردووە کە راستییەکان دەشارێتەوە و بە هەڵە ئامارەکان رادەگەیەنێت گوایە بۆ مەرامی تایبەتە.

وەزیری تەندروستی رای گەیاندووە کە راپۆرتەکەی کەناڵەکە پشتی بە هیچ سەرچاوەیەکی زانستیی پزیشکی نەبەستووە و راپۆرتێکی ”چەواشەکاری و ناڕاستە و هۆکارێکە بۆ هاندانی خەڵک بۆ پێشێلکردنی سەرجەم ڕێکار و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ“.

هاوکات داوای کردووە کە ڕێکاری یاسایی توند بگیرێتە بەر بە داخستنی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) و ڕەوانەکردنی بۆ دادگا تاوەکوو ڕێگە لەوە بگیرێت کە کەناڵەکە ”لە ساتێکی ئاوا هەستیار و ترسناکدا“ یاری بە ئامارەکان بکات و ببێتە هۆکارێک بۆ پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.

ئەوە لە کاتێکدایە کە تاکە یاسای پەیوەندیدار بە کاری رۆژنامەگەریەوە، یاسای ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ە کە کاتی دەرچوونی وەک دەستکەوتێک بۆ سەرۆکی پێشووی هەرێم مەسعود بارزانی هەژمار کرا، کە بەپێی ئەو یاسایە نەرۆژنامەنووس دەستگیر دەکرێت، نە رۆژنامەو کەناڵەکان دادەخرێن، بەڵام تا ئێستا هەندێک ناوەندی ناو پارتی و یەکێتی باس لە داخستنی کەناڵ دەکەن و، رۆژنامەنووس دەستگیر دەکەن.

 


PM:04:01:07/04/2020