ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئەمرۆی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌

تائێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەی بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم نەداوەو ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەش مەرجەکانیان بۆ بەشداریکردن ئاشکرا دەکات و راشیدەگەیەنێت: تائێستا پارتی وەڵامیان نییە.

ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ شاری‌ هه‌ولێر به‌ئامادەبوونی كۆسرەت رەسوڵ و د.بەرهەم و كۆبۆوه‌.

سەبارەت بە ئەنجامی كۆبوونەوەكە سەبارەت بە بەشداری یەكێتی لە كابینەی نوێ،رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە SNNی راگەیاند: لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پێشنیارە کرا کە باس لەوە دەکات دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بکرێتە وەزارەت و بدرێت بەیەکێتی.


وتیشی: پێموابێت ئەمە پێشنیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بێت.

رەفعەت عەبدوڵڵا کە لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشە، ئاشکرایکرد کە تائێستا مەکتەبی سیاسی ھیچ بڕیارێکی لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەتی داھاتوو نەداوەو وتی: چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەکەین و بڕیاری کۆتاییش لای ئەوانە.


پێشبینیشیکرد رۆژی دووشەممەی داھاتوو ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆببێتەوەو بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن ئایا یەکێتی بەو پێشنییارە رازی دەبێت یان نا، ھەروەک بڕیاری کۆتاییش دەدەن لەبارەی چۆنیەتی بەشداریکردن یان بەشدارینەکردنی یەکێتی لەکابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمدا.


ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رەتیشیکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا ھیچ گفتوگۆیەک دەربارەی دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان کرابێت.


ھاوکات سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی بەکراوەیی ماوەتەوەو پێدەچێت تا سبەینێ و دوو سبەی بەردەوام بێت .




PM:10:06:10/05/2014