یەکێتی پشتگیری کازمی دەکات

یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای راگەیاندنی  نێچیرڤان بارزانی، ئەمانیش پشتگیری خۆیان بۆ مستەفا کازمی راگەیاندو جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە لەو بارەیەوە پێشتر سەرۆکی هەرێم قسەی لەگەڵ هاوسەرۆکی یەکێتی، لاهور تاڵەبانیەوە کردووە.

مەکتەبی پەیوەندیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمشەو ٨ی نیسان لەسەر پشتگیریکردنی مستەفا کازمی راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو بەمەرجی پاشەکشەکردنی عەدنان زەرفی پشتگیری کازمی دەکەن.

لەو راگەیاندنەدا هاتووە " لەدوا كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان،‌ لە رۆژی ٢ی ٤ی ٢٠٢٠، یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆ، دیراسەكردن و پشتیوانی بوو لە بەڕێز مستەفا كازمی، ئەگەر بەڕێز عەدنان زورفی لە بەربژێری بكشێتەوە. دوای گفتوگۆكردن، لە كۆبونەوەكەدا ئەو پێشنیارە، پێشوازی لێكرا".

یەکێتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوان كازمی بە دۆستی كورد دەزانن و دەڵێن" بەڵێنی داوە ئەگەر متمانەی بدەینێ بۆ بوون بە سەرۆك وەزیران، ئەوا بەڕێزیان ئەو مافانەی گەلەكەمان دەپارێزێت كە لە دەستووری عێراقدا هاتووە و گەشە بە پەیوەندییەكان دەدات".

هەروەها یەکێتی ئاشکرای دەکات 'لە چەند رۆژی رابردووش، مستەفا كازمی، پەیوەندی بە سەرۆك لاهورەوە كردوە و، داوای پشتیوانیی لێ كردووە".

‌راگەیاندنەکەی پەیوەندیەکا نی یەکێتی باس لەوەش دەکات " ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆكی هەرێم، كاك نێچیرڤان بارزانی، پەیوەندی بە سەرۆك لاهور شێخ جەنگی یەوە كردوە، و بە راویژ لەگەڵ بەڕێزیان، و دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لە بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دا، پشتگیری لە كازمی كراوە".

یەکێتی پێیوایە" بە لەبەرچاوگرتنی داواكاری رەوای خۆپیشاندەران و خواستی لایەنە شیعەكان بۆ یەكدەنگی و، لە سۆنگەی باوەربوون بە پێویستیی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە بۆ دابین كردنی سەقامگیری و روبەڕوبوونەوەی مەترسییەكان، یەكێتیی نیشتمانیی بە پێویستی دەزانێت كە حكومەتێكی بەهێز و نیشتمانی و پابەند بە دەستوور بە زووترین كات لە بەغدا پەسەند بكرێت و لەم پێناوەشدا، دەستپێشخەر و پشتیوانە".

یەکێتی لە کۆتایی راگەیاندنەکەیداداوای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات، كۆبونەوەیەكی فراوان بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكان، ببەستن.

 


PM:09:36:08/04/2020