ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرپەرشتی ئارام محهمهد قادر سەرۆکی ئەنجوومەن، کۆبوونەوەو بڕیاریان دا ئەگەر تا ٢ی ئایار دۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە، ئەوا بە ئۆنلاین دەخوێندرێت.
دهقی بڕیارهكانی کۆبوونەوەکە:
1- ئەنجوومەنی وەزارەت دڵنیایی دەداتە هەموو قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان و کەسوکاریان کە ساڵی خوێندنی (2019-2020) بەفیڕۆ ناچێت و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە رێکاری زانستی پێویست دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندن.
2- زانکۆکان بەردهوام دەبن لە ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەوەی ئەگەر هەتا ڕێکەوتی (2/5/2020) نەتوانرا خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس دەستپێبکاتەوە ئەوا خوێندنی ئەلیکترۆنی بە شیوازی (پاڵپشتکاری) دەستپێدەکات بەمەبەستی تەواوکردنی ئەو بەشە کەمەی پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ کە نەخوێنراوە.
3- لە حاڵەتی پیادەکردنی خوێندنی ئەلیکترۆنی بە شێوازی (پاڵپشتکاری)، ئەوا لە چوارچێوەی سەربەخۆیی زانستی و ئەکادیمی دەستەڵات دەدرێتە زانکۆکان بۆ ئەوەی سەربەست بن لە بەکارهێنانی هەر جۆرە پلاتفۆرم و ئەپلیکەیشنێک کە لەگەڵ تایبەتمەندێتی زانکۆکانیاندا دەگونجێت بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ناوبراو.
4- وەزارەتی خوێندنی باڵا هاوکاری زانکۆکان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفت و ئاڵنگاریانەی کە دێنە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە.
5- ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە پێشتر دەستیان بە پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دبلۆم/ ماستەر/ دکتۆرا) کردووە و لە قۆناغەکانی (کۆرسات، توێژینەوە، گفتوگۆی نامە)-دان ئەوا بە هەمان شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی درێژە بە پرۆسەی خوێندن دەدەن. هەروەها ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە پێویستیان بە بەکارهێنانی تاقیگەی هەبێت، دوای ڕەزامەندی سەرۆکایەتی زانکۆ، هاوکاری دەکرێن بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان لە تاقیگەکان ئەنجام بدەن بەمەرجی پابەندبوون بە رێکارە تەندروستییەکان.
6- زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش بەهەمان شێوازی زانکۆ حکومییەکان پێویستە پاپەندبن بە جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی سەرەوە.
7- (دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیای جۆری) و (فەرمانگەی خوێندن و پلان دانان و بەدواداچوون) لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیەوەی زانستی بەدواداچوونی بەردەوام دەکەن بۆ دڵنیابوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندنی ئەلکترۆنی.
8- وەزاەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات کە لە رێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داوا لەسەرجەم کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت بکرێت کە پاکێجی تایبەتی ئینتەرنێت بدەن بە زانکۆکان و مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابییان بەشێوەیەک کە خێرایی و نرخەکەی گونجاو بێت و ئەرکی سەرشانییان کەم بکاتەوە.
9- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە رێگای ئەنجوومەنی وەزیرانی بەڕێزەوە کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە یاسایی و داراییانەی کە دێنە ڕێگای جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە.