دوو رۆژە بەهۆی ناکۆکی قائیقمامی شەقڵاوەو بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسانەوە رێگای سەرەکی نێوان شەقڵاوەو بالسیان داخراوە

بەهۆی ناکۆکی نێوان قائیمقامی قەزای شەقلآوە، جوان رەفیق و بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان هێمن عەبدولآ رێگای سەرەکی نێوان بالیسان و شەقڵاوە کە لەوێوە دەڕوات بۆ هەولێر، بەخۆڵ گیراوەو لەم کاتی قەدەغەکردنی هاتوچۆیەدا کە بۆ حاڵەتی زەروری تەندروستی و مرۆیی پێویستە، داخراوە.

 

جوان رەفیق قائیمقامی شەقڵاوە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانەو، هێمن عەبدولآ بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان سەر بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بەپێی میدیاکانی یەکێتی دوێنێ بەڕێوەەبەری ناحیەی بلیسان بەکاری پێویست هەوڵی داوە بچێتە شەقڵاوە، بەلآم قائیمقامی ئەو شارۆچکەیە رێگای لێگرتووەو، ئەویش لای خۆیەوە رێگاکەی داخستووە.( هەندێک زانیاری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن داخستنەکە بەبێ پرس ئاستی سەرەوەی یەکێتی نەبووە).

 

لە ئەنجامی داخستنی ئەم رێگایەدا دوێنێ خێزانێک کە ئافرەتەکە خەریک بووە مناڵی ببێت و دەبوایە بگەیەندرایەتە نەخۆشخانەی هەولێر، بەلآم بەهۆی دواکەوتنەوە لە رێگاکەو گرتنەبەری رێگایەکی تر، کۆرپەکەی بە مردوێتی لە نەخۆشخانەی هەولێر لە دایکبووە.

 

ئەمە دووەم رۆژە ئەو رێگایە تا ئێستا نەکراوەتەوەو ئاستەنگی بۆ هاتوچۆی ئەو خەڵکە درووستکردووە کە مۆڵەتی هاتوچۆیان هەیە بەپێی بڕیارەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ.

 

هەفتەی پێشووتریش جارێکی تر لەناوچەی قەسرێ بارگرژی لە نێوان ئەم دوو هێزە حوکمڕانەی کوردستاندا دروستبوو، دواتر لەسەر ئاستی بەرز کێشەکە خاوکرایەوەو کەمێک ئاسایی بووەوە.

 

 



PM:01:38:10/04/2020