مەسعود بارزانی دەستدرێژیکردن بۆ سەر ژنە کەم ئەندامەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ بێ پشت‌و پانەی کورد

لە پەیامێكدا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەستدرێژیکردن بۆ سەر ژنە کەم ئەندامەکەی پردێ دەگەڕێنێتەوە بۆ بێ پشت‌و پانەی کورد لە کەرکوک و داوای لێکۆڵینەوەی یاسایی دەکات.

 
لە پەیامێکدا کە بەناوی خۆیەوە نەک بارەگای بارزانی بڵاویکردۆتەوە، سەرۆکی پارتی دەڵێت"ماوەی چەند ڕۆژە هەواڵێك لە ڕاگەیاندنەكان بڵاو بووەتەوە كە ژمارەیەك كەسی سەر بە هێزەكانی حەشد و پۆلیسی عێراقی لە نزیك بازگەی پردێ دەستدرێژییان كردووەتە سەر ژنێكی كورد كە كەمئەندامە و لە خێزانێكی زۆر هەژار و بێدەستەڵاتی سنووری پارێزگای كەركووكە".


مەسعود بارزانی داوا لە حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێم دەكات بە هاوبەشی لێكۆڵینەوەی تەواو لەم تاوانە قێزەوەنە بكەن و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بێنە سزادان و دەڵێت " ئەمە تاوان و ستەمێكی زۆر گەورەیە كە لە هاووڵاتییەكی بێپەنای كورد لەژێر سایەی ئیدارە و واقعی سەربازی سەپێندراوی كەركووك كراوە كە هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا ئەم دەستەڵاتە لەسەر ئەوە ڕاهاتووە لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە دژایەتیی هاووڵاتیانی كوردی كەركووك و مافەكانیان بكات".



لە کۆتاییدا دەڵێت "با هیچ كەس و لایەنێك وا بیر نەكاتەوە كە تاوانی لەم جۆرە بەسەریاندا تێدەپەڕێ یان چاوپۆشییان لێ دەكرێ، ئەم دەستدرێژییە شكاندنی كەرامەتی هاووڵاتییانی نەك تەنیا كەركووك بەڵكو هەموو كوردە، ئەنجامدەرانی ئەم بێویژدانییە دەبێ بە توندترین شێوە سزا بدرێن".

 


PM:08:12:10/04/2020