لەسەر کێشەیەکی شەخسی و حیزبی نێوان قائیمقامی شەقڵاوەو بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان و مردنی کۆرپەیەک بەهۆی داختسنی رێگاکەوە، ئەمڕۆ بریار درا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و رێگاکە بکرێتەوە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان ٢٤ی ڕایگەیاندووە" لەسەرەتادا ڕێگای بالیسان – هەولێر بەتەواوی داخرابوو، بەڵام دواتر تەنها بۆ حاڵەتە فریاگوزاری و بەپەلەکان کرایەوە، بەڵام دواتر هەندێک لێکتێنەگەیشتن لەنێوان قائیمقامیەتی شەقڵاوە و ناحیەی بالیسان دروستبوو، بۆیە ئەو ڕێگەیە بۆ ماوەیەک داخرا".
ئەو بەپرسە دەشڵێت " لەگەڵ پارێزگاری هەولێر فرسەت سۆفی، گفتوگۆ لەبارەی کردنەوەی ڕێگای نێوان هەولێر- بالیسان کراوە و ئەویش بڕیاری کردنەوەی ڕێگەکەی داوە".
هەروەها ئاماژەی بەئەوەشداوە، ئێستا ڕێگاکە کراوەیە و هیچ گرفتێک بوونی نییە.
لەگەڵ داخستنی رێگاکەداو دروستکردنی کێشە بۆ هاولآتیان، ئافرەتێکی کە دوو گیان دەبێت، بەهۆی دواکەوتنی لە گەیاندنیدا بە نەخۆشخانەکانی هەولێر، کۆرپەکەی بە مردووی لە دایک بوو.