ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، عەلی عەونی هێرش دەکاتە سەر ئەو رۆشنبیرانەی دوێنی بەیاننامەیەکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوەو ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە سیستەمی حکومڕانی لەهەرێم بەرەو پۆلیسی دەڕوات، دەڵێت " ھەموو ساڵێک جارێک یا دوو جار بە پێی پێویست دەبنە حیزبی و دواتر دەبنەوە سەربەخۆ. بەس سەیر بکەن چ سەر و بێچمگەلێک وێک کەوتوون.!".
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی نووسیوویەتی" بڵاو کراوەکەی ئەمڕۆی ئەو چەند نوو سەر و رۆژنامە بنووسانە، بۆ لادانی سەرنجی خەڵکە لە بابەتی تەسلیم کردنەوەی ( مستەفا سەلیمی ).
هەروەها دەشڵێت " ئەم بەناو رۆشنبیرانە وازیان لەم گەمە سواوە نەھێناوە، ھەموو ساڵێک جارێک یا دوو جار بە پێی پێویست دەبنە حیزبی و دواتر دەبنەوە سەربەخۆ. بەس سەیر بکەن چ سەر و بێچمگەلێک وێک کەوتوون".
دوێنێ ژمارەیەک رۆشنبیر و چالاکوان و پەرلەمانتاری خوولەکانی پێشوو لە راگەیاندنێکدا بۆ رای گشتی ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە سیستەمی حکومڕانی لەهەرێمدا بۆ سیستەمێکی پۆلیسی دەچێت و هیچ مانایەکی راستەقینە نەماوەتەوە بۆ پێگەی سیستەمی دادوەری و داواکاری گشتی.
دەقی بەیاننامەکەی رۆشنبیران:
ۆ رای گشتیی هه‌رێمی كوردستان‌و جیهان
حوكمڕانیی لەهه‌رێمی كوردستاندا خەریكە بەئاراستەیەكی تەواو ترسناکتر لەھەموو کاتێک ملدەنێت، بەشێوەیەک تیایدا هیچ ئومێدێك بۆ ژیانێكی كەرامەتمەندو ئازاد و مافپەروەر نامێنێتەوە. ئەگەر پێشتر رەخنەی خەڵک زیاتر بەئاراستەی نەهێشتنی گەندەڵی‌و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات بووبێت، ڕەخنە بووبێت لەخراپی باری ئابوریی‌و شێوازی ئیدارەدانی ئەو حوکمڕانانەوە کە لەدوای ڕاپەڕینەوە بەشێوەیەیکی نایاسایی سەروەتو سامانێکی بێشوماریان کۆکردوەتەوە، ئه‌وا ئێستا خەریكە بە بەرچاوی ھەمووانەوەو بەبێ ھیچ ھەستکردن بەئیحراجبوونێک و لەڕێگای دامەزراوەی دادوەریی‌و داواكاریی گشتیی‌و بەبیانوی ھەمەجۆرەوە هەوڵی نەهێشتنی تەواوی ماف‌و ئازادییەكان دەدرێت.
سیاسه‌تی حوكمڕانیی له‌هه‌رێمی كوردستاندا به‌ئاراسته‌یه‌كی تەواومهترسییدار ههنگاودهنێتو خه‌ریكه ئەو پەراوێزە بچوکانەش کە لەبەرچاوی دونیای دەرەوەدا شانازییان پێوه‌ده‌كرد بەتەواوی دەسڕێتەوە و وێراندەكات. ئەوەتا دەبینین، رۆژنامەنوسان‌و خەڵكی ناڕازیی لەوەی ھەیەو دروستکراوە، یان لەوەی بێدەربەستانە دروستدەکرێت، دەفڕێندرێنو دەگیرێن، یان بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە دەدرێنە دادگا‌و بەناهەق لەزیندان توند دەکرێن. دەسەڵاتدارانی كوردستان جگە لە مۆنۆپۆلكردن‌و بەكارهێنانی سەرجەمی جومگەکانی حوكمڕانیی‌و بێبەهاكردنی دامەزراوە دەستورییەكانی وەكو پەرلەمان‌و دامەزراوەكانی چاودێریی‌و پشكنین، زۆرخراپ دامەزراوەی دادوەریی بۆ بێدەنگكردنو كپكردنی دەنگە ئازادیخواز‌و ناڕازییەكانی هه‌رێمی كوردستان بەكاردەهێنن.
له‌وڵاتێکدا کە سیستمێکی حوکمڕانی کەمەکێک تەندروستیی تێدابێت و شتێک لە ڕێزی بۆ مۆرڤ و کۆمەڵگا تێدابێت، دامه‌زراوه‌ی داوەریی لەژێر كاریگەریی هیچ دەسەڵاتو حیزب‌و خێزان‌و گروپ‌و تاکەكەسێكدا نابێت بەڵام ئەم دامەزراوە لە كوردستان بووە بەموڵکی شەخسیی دەسەڵاتدارانو بەتەواوی بەتاڵكراوهتهوه لەھەر نوزەیەکی بچوکی سەربەخۆبوون. بەزۆر مانا گۆڕاویشە بۆ مەقاشێک بەدەستی دەسەڵاتدارانەوە و کێیان بوێت لە ڕێگای ئەو دامەزراوەوە و به ”یاسا“ باڵبهستوسهركوتو ده‌مكوتی دەكه‌ن. ئێستا ئیتر یاسا بەبێ ھیچ پەردەیەک ئامرازیی سەپاندنی ئەم مۆدێله دهسهڵاتگهرهی حوکمڕانییە و بەرەو ئەوە دەچێت جگە لە مەقاشی دەستی دەسەڵاتداران، ئەرکێکی تری بۆ نەھێڵدرێتەوە.
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه مه‌ترسییداره ئه‌و راستییه‌یه كه دامەزراوەی داواكاری گشتیی، كە لەبنەڕەتدا دامەزراوەیەكە بۆ چاودێریكردنی ئیشوكارەكانی حكومەتو بنبڕكردنی دزی‌و گەندەڵیی، له‌ئێستادا بووه بهدامەزراوەیەكی ئه‌هلیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نوخبه‌یه‌كی بچوك لەدەسەڵاتدارانو حوكمڕانانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م دامه‌زراوه‌یه لەبری خستنەڕووی دۆسیەكانی دزیی و گەندەڵی‌و به‌هه‌ده‌ردانی سامانه نیشتیمانییه‌كان لەهه‌رێمی كوردستاندا، كه‌چی به‌پاساوی پاراستنی ئاسایشی گشتییه‌وه هەموو ئه‌و كه‌سانه دەداتە دادگا كه ڕه‌خنه‌ی خراپی ئیداره‌و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات له‌ناو ئه‌م حوكمڕانییه ده‌كه‌ن. هه‌رچی ماددەو بڕگە قانونییەكانه كە لەبنەڕەتدا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی‌و تاکو کۆمەڵگایه، دەخرێتە خزمەت كه‌مینه‌ی دەسەڵاتدارانو پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان.
ئێمە وەك ژماره‌یه‌ك لهنوسەرو رۆژنامەنوسو یاساناس‌و چالاکوانانی مەدەنیی، دەمانەوێت ڕایگشتییو هەموو لایه‌نه پهیوهندییدارهكانو ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤ لەدهرئهنجامهكانی ئەم دۆخە مه‌ترسییداره ئاگاداربكەینەوە. ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم دۆخێكیان به‌رهه‌مهێناوه تیایدا هەموو بنەماكانی حوکمڕانییەکی عەقڵانیی و دیموكراس و به‌هاكانی ئازادیی و بەھای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤیان لەم ههرێمەدا تەواو بێ‌نرخ کردوە.
بێدهنگو ده‌سته‌مۆکردنی دادگا‌و دەسەڵاتی دادوەریی‌و په‌رله‌مانیش زەمینەی دروستكردنی دەسەڵاتدارێتییەكی سته‌مگه‌رو پۆلیسیی توندوتیژو ئیھانەکەر بۆ دەسەڵاتداران دەڕەخسێنێتو ئاسۆیەك ناهێڵێته‌وه تاكو گروپه‌كانی ئه‌م کۆمەڵگایە بەئومێدەوەو ئازادانە سەیری بکەن، ھیوای ئەوەیان ھەبێت ئازاد بژین و مه‌ترسیی لهسهرزهوتكردنی مافه‌كانیان و برینداركردنی كه‌رامه‌تیان نه‌بێت.
ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەم دۆخە تەنها ئێمە لێی بەرپرس نین، بەر لەهەمووان پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیاری یەكەمی ئەم دۆخە مەترسیدارەیە كە بەشکڵیش بێت نوێنەرایەتی دەنگدەرانی كوردستان دەكات‌و دەسەڵاتی چاودێرە بەسەر حوكمڕانییەکەدا. مه‌ترسییه گه‌وره‌كه بۆ كۆمه‌ڵگای ئێمه ته‌نها بێده‌نگیی په‌رله‌مان نییه، به‌ڵكو گه‌یشتنێتی به‌و ئاسته‌ی بەھەمان زمانی حوکمڕانەکان قسەبکاتو بەو ڕێگایەدا بڕۆن کە پێشتر بۆیان دەستنیشانکراوە.
دوای پەرلەمانیش، بەرپرسیارێتی هەموو لایەنە سیاسییەكانی دەرەوەی حوكمڕانیی‌و تاک بەتاکی خەڵکی كوردستانە کە پێویسته بەرامبەر به‌م دۆخه مه‌ترسییداره بێدهنگنهبن و به‌شێوازی جیاواز ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕن. بێگومان بەرپرسیارێتیی ڕۆشنبیران‌و نووسەرانو ھونەرمەندانو ئەکادیمییەکان‌و نوخبە جیاوازەکانی تریشە کە بێنە قسەو دەنگ ھەڵبڕن، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر رێگە نەدرێت دەسەڵاتی دادوەریی تاكڕه‌وانه بخرێتە خزمەت هیچ كەس و هێزو لایەنێکی دیاریكراوه‌وه.
ئێمە وەك ژمارەیەك لەنوسەرو ڕۆشنبیرو رۆژنامەنوسانی هه‌رێمی كوردستان، هەموولایەك، حزب‌و لایەنە سیاسییەكان‌و نوێنەرایەتی وڵاتان‌و رێكخراوە چاودێرە نێودەوڵەتییەكان لەمەترسی خراپی ژیان‌و ماف‌و ئازادییەكان لەهه‌رێمی كوردستاندا ئاگاداردەكەینەوە. ئێمه به‌و ڕاستییه وشیارین کە ئامانجی به‌گه‌ڕخستنی ده‌زگای دادوەریی بۆ ئامانجه شهخسییو نوخبهوییهكانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم، ته‌نها بێبه‌هاكردنی یاسا نییه، به‌ڵكو ستراتیژێكه بۆئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی ده‌نگی ڕهخنهییو ناڕازیی له‌هه‌رێمی كوردستاندا بنبڕبكات. گەر ئەم ستراتیژەش بەتەواوی سەرکەوت، کۆمەڵگایەک دروستدەبێت لەباتی مرۆڤ کۆیلەو لەباتی ماف سوکایەتیی سەروەردەبێت.
مەریوان وریا قانیع - نوسەر
ئاراس فەتاح - نوسەر
مەسعود عبدولخالق - نوسەرو رۆژنامەنووس
ئاسۆس هەردی - رۆژنامەنووس
سەردار هەرکی - یاساناس
سەرتیپ جەوهەر – رۆژنامەنووس
ئەکرەم خالید عەبدولکەریم (سەید ئەکرەم) - نوسەر
موحسین عوسمان - نوسەرو پەرلەمانتاری پێشووی عێراق
پەروا عەلی - پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان
گەشە دارا حەفید - پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان
عەبدولکەریم ھەڵەدنی - نوسەر
شوان محەمەد - رۆژنامەنووس
مەکی رەڤەند - چالاکوانی مەدەنی
سەبری سلێڤانەیی - نوسەر
کارزان فازیل - پارێزەر
سەردار محەمەد - رۆژنامەنووس
توانا عەبدولرەحمان - پارێزەر
هەڵشۆ عەبدولفەتاح - چالاکوانی مافی مرۆڤ