حیزبی شیوعی هۆشداری بە حکومەت دەدات

حیزبی شیوعی کوردستان لەسەر دۆخی کەم دەرامەتی خەڵکی کوردستان هۆشداری دەدات بەحکومەت و داوا دەکات هەرچی زووترە فریای ئەو توێژە فراوانە بکەوێت.

 
لە راگەیاندراوێک کە ئەمڕۆ ١٤ ی نیسان بڵاوکرایەوە، مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان بڵاویکردەوە تیایدا داوا لە حکومەت دەکات،  بە پەلە حكومەتی هەرێم فریای خەڵكی زەحمەتكێش و كەمدەرامەت بكەوێت!.

 
دەقی بەیانەکەی حیزبی شیوعی کوردستان..

 
پێویستە بە پەلە حكومەتی هەرێم فریای خەڵكی زەحمەتكێش و كەمدەرامەت بكەوێت!


بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جگە لە زیانە تەندروستییەكانی مەترسی دیكەی لە ئاستی ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابوری لێكەوتۆتەوە بە تایبەتی لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی زەحمەتكێش و كەمدەرامەت، ئەمەش بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزی و بە ناچاری لە ماڵەوەمان كە بۆتە هۆی لە دەستدانی سەرچاوەی ژیانی ناوەندێكی فراوانی ئەوانەی بە كاری رۆژانەیان بژێوی ژیانی خێزانەكانیان پەیدادەكەن.


حكومەتی هەرێم تا ئێستا تەنیا لە ئاستی خۆپارێزی تەندروستی مامڵەی لەگەڵ ئەم دۆخەدا لە چوارچێوەی رێكارەكانی كەرەنتینە كردووە، و پلانی بۆ پاراستنی ئاستی ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابوری هاوڵاتیانی هەژار و كەمدەرامەت، و كرێكارانی كەرتی تایبەت وچین و توێژە پەراوێزخراوەكان دیار نییە، بەتایبەتی كرێكارانی بیناسازی و سەرجەم ئەوانەی كاری رۆژانە دەكەن رووبەرووی برسیەتی و هەژاری زیاتر دەبنەوە لە كاتێكیشدا هیچ یاسایەك نییە بۆ بیمەی بێكاری بۆكرێكارانی بێكار، جگە لەو ژمارە زۆرەی دەرچووانی زانكۆ وپەیمانگاكان كە دووچاری بێكاری بوونە. هاوكات لە گەڵ ئەم ڕەوشەدا چەندین پێشێڵكاری لەسەر ئازادییەكان بەتایبەتی ئازادی ڕادەڕبرین كراوە.


بۆ پارێزگاری لە ژیانی كرێكاران و كرێنشینان وكاسبكاران و خەڵكی كەمدەرامەت بە پێویستی دەزانین حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێ‌ بەجێ‌ بكات :


ـ وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، كۆمپانیاو خاوەنكارەكان بەو بنەمایانەی بیمە كە لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیدا هاتووە پابەندبكات، هەروەك لە یاسای كاری عێراقی ژمارە (۷۱) ی ساڵی ۱۹۸۷ لەمادەی (٦٥) لە بڕگەی یەكەمدا هاتووە ( ئەگەر كرێكار بەشێوەی تەواو یان نیمچەیی لەكارەكەی ڕاگیرا بەهۆكارێكی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی، پێویستە خاوەنكار كرێی ماوەی ڕاگیرانەكەی پێ بدات بەمەرجێك ئەو ماوەیە لە (٦۰) ڕۆژ زیاتر نەبێت و رێگە بە دەركردنی هیچ كرێكارێك لەكارەكەی نەدرێت بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حكومەت كرێكاران ئاگاداركاتەوە كە داوای مافی خۆیان بكەن و سكاڵاكردنی یاسای بۆ ئەم مەبەستە مافی خۆیانە و دادگای كاریش ماوەی سكاڵا بەرەچاوكردنی قەدەغەی هاتووچۆ درێژبكاتەوە .


ـ قرەبووكردنی كرێكاری كاری رۆژانە و ئەو كرێكارانەی لە لایەن پرۆژە و خاوەن كارەوە لە لیستی بیمەی كۆمەڵایەتی بە هۆی پێشێلكردنی خاوەن كارو و بەدوادانەچوونی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، تۆمارنەكراون.


ـ ئاشكراكردنی چارەنوسی داهاتی سندوقی زەمانی كرێكاران و خەرجكردنی لە خزمەتی كرێكاران بە پێی یاسا، بە تایبەت لە هەلومەرجێكی وەك ئەمرۆدا.


ـ هەڵگرتنی باج و ڕسوماتی ئاوو كارەبا، لەسەر هاوڵاتیانی كەمدەرامەت، و یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی كە خەرجی پێویستیان بۆ ویستگەی كارەبای گەڕەكیان نییە، و لێخۆشبون لەپارەی ساڵنامەو نوێكردنەوەی هێڵەكانی گواستنەوەی پاس و تەكسی و بەخۆرایی كردنی خزمەتگوزاریە گشتییەكان و لێبوردنی باج و ڕسوماتی یەك ساڵ لەكاسبكار ودوكاندار وپڕۆژەبچووكەكان.


ـ دەركردنی بڕیارێك بۆكرێنشینانی(دوكان وخانوو) كە حكومەت وخاوەن موڵكەكان بۆ ئەو ماوەیەی بۆ كرنتینە تەرخان كراوە، كرێیان لێوەرنەگرن.


ـ دوا نەخستنی مووچەی فەرمانبەران و دابینكردنی لە كاتی خۆیدا.


ـ خەرجكردنی ژەمی پسولەی خۆراك و پەلەكردن لە دابینكردنی.


ـ كاراكردنی هێڵەكانی سكاڵا بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی بە هۆی كەرنتینەوە و بوونیان لە گەڵ بكەرانی توندوتیژی دووچاری توندوتیژی خێزانی دەبنەوە.


ئێمە لە كاتێكدا دەستپێشخەری و یارمەتیدانی كاری هەرەوەزی و رێكخراوەمەدەنیەكان و بە كارێكی ئەرێنی دەزانین، پێمان وایە ئەم كارەیان جێگای نەخشە و پلانی حكومەتی هەرێم ناگرێتەوە كە پێویستە لەم ڕەوشەدا ئەركی خۆی لە بواری ئابوری و كۆمەڵایەتی ببینێت.


بە هیوای سەلامەتی بۆ جەماوەری كوردستان و زوو چاك بوونەوەی تووش بووان و سوپاس بۆهەر كارمەندو پزیشك وكرێكار وفەرمانبەر و هێزەكانی ناوەخۆ و پێشمەرگە كەماندوو بوون بۆ پارێزگاری هەرێم و هاونیشتمانیانی كوردستان .


مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان


14ی نیسانی




AM:11:55:14/04/2020