بەڕێوەبەری وێستگەی فڕۆکەخانەی بەغداد لەسەر کارەکەی لابرا



بەڕێوەبەری وێستگەی فڕۆکەخانەی بەغداد بەهۆی کار ئاسانیکردنی بۆ چەند بازرگانێکی هاوڕێی دەستی لە کاركێشاوەتەوە.

 
ئەمڕۆ ١٦ی نیسان بەڕێوەبەری وێستگەی فڕۆکەخانەی بەغداد دەستی لەکارکێشاوەتەوە لەبەر ئەوەی لەسەر داوای بریکاری وەزیری گواستنەوە، سەلمان بەهادلی کە سەر بە رەوتی سەدرەو ناچاری کردووە، سێ هاوڕێی بگوازێتەوە  بۆ عەمانی پایتەختی ئۆردون لەو فڕۆکەیەدا کە گەشتەکە تایبەت بووە بە هێنانەوەی هاوڵاتیانی عێراقی کەرەنتنیەکراو لەو وڵاتە.

 
کەناڵێ " ئەلحورە" بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی ئەو سێ بازرگانە چوونەتە عەمان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئوردونەوە، بەهەمان فڕۆکە گەڕێندراونەتەوە لەبەر قەدەغەکردنی هاتوچۆ.

 
لە راگەیاندنێکی وەزارەتی گواستنەوەدا لەبارەی ئەو رووداوەوە، تیایدا هاتووە وەزیری گواستنەوە عەبدوڵا لعێبی بەڕێوەبەری وێستگەی فڕۆکەخانەی لابردووەو کەسێکی تری لەبری داناوە لەبەر ئەوەی رێگای داوە بەو سێ کەس کە لەڕێگای ئەو فڕۆکەیەوە بچنە فڕۆکەخانەی "  مەلیکە عەلیا " بەپێچەوانەی یاسا رێگا پێدراوەکانەوەو، هاوکات بڕیاری دەرکردووە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت و سزای سەرپێچیکاران بکرێت.

 
عێراق بڕیاری دەرکرد ئەو هاوڵاتیە عێراقییانە بگەڕێنێتەوە لە وڵاتانەی کۆرۆنا تیایدا لە ئاساتێکی بەرزو مەترسیداردا بڵاوبۆتەوە لەوانە( بەریتانیا، سوریا، ئەڵمانیا، ئێران، ئیسپانیا، ئەمەریکا، سوید، قەتەر، هۆڵندا، ئیتالیا، فەرەنسا، بەلجیکا و کەنەدا).  

 


PM:10:40:16/04/2020