مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە" لەم چەند رۆژەدا پەیام و نامەی زۆر کەسایەتی و لایەنی بەشداربووی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت و لەوانەش تیمی وەزاریی یەکێتی نیشتمانیم پێ گەیشت. ئەوەی پێویست بێت لەم رۆژانە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان باس کراوە ، بۆیە پێویست بە بەردەوامیی وەڵام و وەڵامدانەوەکان ناکات".
سەرۆکی حکومەت لە پەیامەکەیدا دەشڵێت" هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ماندوون و لە هاتنە کایەی ئەم بارودۆخە نەخوازراو و گرژیانە نیگەرانن. هاووڵاتیانمان شایستەی ئەوەن زۆرترین خزمەتیان بکەین نەک تووشی دڵەڕاوکێ بکرێن".
ڕاشیگەیاند" ئەرکی ئێمە دەوڵەتداری و چارەسەریی کێشەکانە و دەبێت هەموو لایەک هاوکار بن رێگە لە تەشەنەکردنی گرژییەکان بگیرێت. بۆ پێکهاتەکانی ناو حکومەتیش باشترین شوێنی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و وەڵامی ئەو نامە و بۆچوونانەش لەوێ دەدەمەوە. هیوادارم هەموو لایەک دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی، لە ئاست ئەرکی نیشتمانیمان بین تاکو پێکەوە ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین".