" سپی " زانیاری ورد لەسەر ناوەرۆکی نامەکەی تیمی یەکێتی بۆ سەرۆکی حکومەت بڵاودەکاتەوە

تیمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە حکومەتی هەرێم دوێنێ ١٨ی نیسان نامەیەکی نهێنی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کردو، هاوکات پەیامێکیشی لە میدیاکاندا بڵاوکردەوە، " سپی ' زانیاری ورد لەسەر ناوەرۆکی ئەو نامەیە بڵاودەکاتەوە.

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، ئەو نامە نهێنییەی ئاراستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت کراوە، واژووی هەر پێنج وەزیرەکەی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی لەسەرە.


دەربارەی ناوەرۆکی نامەکە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، تەنها پەیوەندی بەو رووداوانەی چەند رۆژی رابردووە نییە کە زیاتر لە رووداوەکانی ( زەینی وەرتێ )دا کۆدەبووە، بەڵکو تێبینی تیمی یەکێتی لە حکومەت، پەیوەندی بەو ڕاو سەرنجانەوە هەیە کە هەر لەسەرەتای پێکهێنانی ئەم کابینەوەیەوە تا ئەمڕۆ لەلای تیمی یەکێتی گەڵالە بووە.

 
دوێنێ تیمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، تیمەكەیان نامەیەكی " ناڕەزایەتیان " ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە.  

 
لەو پەیامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتدا هاتووە" بەشداركردنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كابینەی نۆیەمینی حكومەت لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی سیاسی بو، لەسەر بنەمای هاوبەشی لە بڕیار و بەڕێوەبردن و لە پێناو سەقامگیری سیاسی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان". 

 
هەروەها لەو پەیامەدا باس لەوەش کراوە" ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێڕامان پەیامەكەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە، كە تیایدا هێرشێكی ناڕەوای كردووەتە سەر یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.  یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان تاقم و دەستە نیە. حزبێكی تێكۆشەری خاوەن مێژوویەكی پڕ سەروەری و ئایندەیەكی گەشە. تیمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، نوێنەرایەتی دید و ستراتیژ و تێڕوانینە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات، لەو بارەیەوە یەكێتی هاوبەشی هەموو دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان حزبێكی كوردستانی سەرتاسەریە و دژی دوو ئیدارەییە و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیمان لە كابینەی رابردوو و ئێستاشدا سەلمێنەری ئەو راستییەیە." 


تیمی یەکێتی لەو پەیامەدا ئەوەشی خستبووە روو " تیمی یەكێتی لە حكومەت لەسەر بنەمای دەوڵەتداری ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ دەكات لە پێناو خزمەتكردنی هاوڵاتییاندا، بەڵام بە شانازییشەوە نوێنەرایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەین و لە چوارچێوەی بەرنامەی پەسەندكراوی حكومەت لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە كار دەكەین. بۆیە لەم بارودۆخە ناهەموارەدا، پێویستە حكومەت و دامەزراوە فەرمییەكانی تەرخان بكرێن بۆ خزمەتی هاونیشتیمانییانی هەرێمی كوردستان نەك ببن بەبەشێك لە كێشە سیاسیەكان".

 
لە وەڵامی ئەو نامەیەدا، ئەمڕۆ ١٨ی نیسان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە راگەیاندنێکدا دەڵێت" ئەرکی ئێمە دەوڵەتداری و چارەسەریی کێشەکانە و دەبێت هەموو لایەک هاوکار بن رێگە لە تەشەنەکردنی گرژییەکان بگیرێت. بۆ پێکهاتەکانی ناو حکومەتیش باشترین شوێنی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و وەڵامی ئەو نامە و بۆچوونانەش لەوێ دەدەمەوە. هیوادارم هەموو لایەک دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی، لە ئاست ئەرکی نیشتمانیمان بین تاکو پێکەوە ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین".

 
 
سەرۆکی حکومەت دەشڵێت "لەم چەند رۆژەدا پەیام و نامەی زۆر کەسایەتی و لایەنی بەشداربووی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت و لەوانەش تیمی وەزاریی یەکێتی نیشتمانیم پێ گەیشت. ئەوەی پێویست بێت لەم رۆژانە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان باس کراوە ، بۆیە پێویست بە بەردەوامیی وەڵام و وەڵامدانەوەکان ناکات".

 


PM:01:40:18/04/2020