وتەبێژی یەکێتی: وەرتێ خاڵێکی لەشکری یەکێتی یە

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی کێشەکانی ناوچەی " زینی وەرتێ " ەوە رایدەگەیەنێت" بە پێی ڕێککەوتنە لەشکرییەکان ئەو ناوچەیە خاڵێکی لەشکری یەکێتییە".

 
لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەمین بابا شێخ وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت" ناوچەی زینی وەرتێ شوێنێکی لەشکری و ستراتیژی گرنگە بە تایبەتی بۆ پەکەکە و ناردنی هێز وەکو وروژاندن لێک درایەوە بە تایبەتی پاش هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە".


ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەشڵێت "بە پێی ڕێککەوتنە لەشکرییەکان ئەو ناوچەیە خاڵێکی لەشکری یەکێتییە و ئەگەر ئەو هێزانەی لەسەرەتاوە نێردراون هێزی هابەش بوونایە ئەم گرژیەش ڕووی نەدەدا".


یەکێتی داوای لە سەرۆکی هەرێم کردووە وەکو فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگە، فەرمانی کشانەوەی تەواوی هێزەکان لەو ناوچەیە بدات، ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پێویستە ئاسایشی ئەو ناوچەیە بکەوێتە دەستی هێزە خۆجێییەکان."

 
ماوەی هەفەتیەکە لەسەر ناوچەی زینی وەرتێ کە دەکەوێتە نێوان رانیەو سۆرانەوە کێشەیەکی سیاسی و سەربازی گەورە لەنێوان پارتی و یەکێتی و پەکەکەدا دروستبووەو، لەو نێوەشدا فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی بنکەیەکی پەکەکەیان کردو سێ گەریلا شەهیدبوون، هەر سێ لایەن داوا دەکەن ئەو ناوچەیە هێزی خۆیانی لێ بێت و ئەوانی تر بکشێنەوە. 

 


PM:10:10:18/04/2020