بەرهەم ساڵح: حکومەتی نوێ نوێنەرایەتی گشت پێکهاتەکان دەکات

 سەرۆك كۆماری عێراق رایدەگەیەنێت" حكومەتی نوێی عێراق نوێنەرایەتی گشت پێكهاتەكانی عێراق بكات، ئاماژەشی بەگرنگی پابەندبوون بەدەستوور و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان كرد".

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئەمڕۆ د.بەرهەم سالچح، سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام پێشوازیكرد لە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری. 

لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار، جەختی لە ڕاوێژ و هەماهەنگی لە نێوان ھەموو لایەن و هێزە سیاسییەكان كردەوە، بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەجۆرێك نوێنەرایەتی گشت پێكهاتەكانی عێراق بكات و توانای جێبەجێكردنی خواستە رەواكانی هەبێت و چاكسازی پێویست بھێنێتە كایەوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەگرنگی پابەندبوون بەدەستوور و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان كرد، لە پێناو دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەك بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەكان و گەیشتن بە دید و بۆچونێكی هاوبەش بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەكان و دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستەكان و پاراستنی مافی گشت گەلانی عێراق.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، شاندی هەرێم دووپاتیان لە لێكگەیشتنی هاوبەش كردەوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لە بارەی سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەكان و بەرجەستەكردنی هاریكاری و كاری هاوبەش لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی ئێستا عێراقی پێدا تێدەپەڕێت.
 


PM:03:40:20/04/2020