کاتی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دیاریکرا

کاتی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رۆژی چوار شەممە ٢٢ ی نیسان ساز دەکرێت.

 

وا چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی هەردوولا لە هەولێر سازبکرێت.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، قسەکانی رۆژی دوو شەممە ٢٠ ی نیسانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم گوزارشتی لەبیروڕای مەکتەبی سیاسی پارتی دەکردو، دانانی رۆژی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم رۆژێک دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی ساز نەکرد دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی نەبێت، تا لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم رای پارتی بڵێت و، بەهان شێوەش لە کۆنگرە رۆژنامەگەریەکەی دوای کۆبوونەوەکە.

 

ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی رۆژی چوار شەممە بەندە بە ناکۆکیەکانی نێو هەردوو باڵی نێو پارتی، باڵی نێچیرڤان بارزانی و باڵی مەسرور بارزانی لەلایەک و، لەلایەکی تریشەوە بەندە بە ناکۆکیەکانی نێوان مەکتەبی سیاسی تازەو ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتیەوە، جگە لەو پێشهاتانەی ئەمڕۆ سێ شەممە لەنێوان ئەو دوولایەنەدا روودەدات.

 

کۆبوونەوەکە بۆ قسەکردن دەبێت لەبارەی بارگرژیەکانی ئەم دواییە لەسەر ناوچەی زینی وەرتێ و، تێبینیەکانی تری یەکێتی لەسەر شێوازی حوکمکردن لەهەرێمدا و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

 



AM:02:14:21/04/2020