هێمن مامەند لە زیندانە
سەرۆکی هەرێم پشتیوانی خۆی بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری دووپات دەكاتەوە



په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یادی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا پشتیوانیی خۆی بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەری دووپات دەكاتەوە، لەکاتێکدا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە نزیکەی مانگێکە رۆژنامەنووس هێمن مامەند لە زیندانەو، تا ئێستا دۆسیەی رۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو لە تارکیدا ماونەتەوە.

 
لە پەیامێکدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەو بۆنەیەوە دەڵێت " بە بۆنەی سەد و بیست و دووەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان ـ ی میر میقداد بەدرخانی ڕه‌وانشاده‌وه‌ كە هاوكاتە لەگەڵ بیست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتن بۆ سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و سەندیكاكەیان دەخوازم".

 
لە پەیامەکەدا هاتووە" ئەم ساڵ كە ئەو یادە دەكەینەوە، كوردستان و جیهان لەبەردەم هەڕەشەی پەتای كۆرۆنا و دۆخێكی نالەباردایە، ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و خۆپارێزی لەو پەتایە و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پابەندی بە ڕێنمایییەكانه‌وه‌، ڕۆڵێكی كاریگەر و بەرچاو بوو، بە ڕێزەوە دەینرخێنین، ئومێدەوارین هەرچی زووترە ئەو بەڵایە لە یەخەی مرۆڤایەتی ببێتەوە و ژیان لە كوردستان و جیهان ئاسایی بێتەوە".

 
" لەم یادەدا وەك هەمیشە پشتیوانیی خۆمان بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەری دووپات دەكەینەوە، لە ڕۆژنامەنووسانیش چاوەڕوانین هەمووان بەرپرسیارانە و پیشەیییانە، مامەڵە لەگەڵ پرس و بابەتەكان بكەن، هەمیشە ئەو بڵندگۆیە بن كە هۆشیاری و زانیاریی ڕاست و دروست و هاوسەنگ دەگوازنەوە و پاراستنی ئاشتەواییی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو دەگرن." ( لە پایەمەکەی سەرۆکی هەرێم دا هاتووە).


لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە" سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامه‌گەریی كوردستان تەرخان كرد.پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان دەكەم، هیوادارم ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی لەبار و ئاسوودەدا یادی ئەم ڕۆژە و بۆنەكانی دیكە بكەینەوە".

 
رۆژنامەنووسانی هەرێم لە کاتێکدا یادی ١٢٢ ساڵەی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی دەکەنەوە، چارەنووسی یاسایی هەریەک لەرۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو: سۆران مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، عەبدول ستار تاهیر شەریف، بە نادیاری ماوەتەوە، هەروەها یاسایی کاری رۆژنامەگەری ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ ی پەرلەمانی کوردستان بەتەواوی جێبەجێناکرێت و ، یاسای پێدانی زانیاری تۆزی لەسەر نیشتووەو نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات رۆژنامەنووسان بەیاسای پەیوەندیەکان لەبری یاسایی رۆژنامەنووسی دادگایی دەکرێن، ماوەی مانگێکیشە رۆژنامەنووس هێمن مامەند لەهەولێر دەستبەسەرە.

 


PM:07:39:21/04/2020