ژمارەیەک رۆژنامەنووس لەلایەن فەرمانبەرێکی بەرپرسەوە پێیان وتراوە: ھەمووتان بە پێلەقە فڕێ دەدەمە دەرەوە

لەهەولێر ژمارەیەک رۆژنامەنووسی چەند کەناڵێک لە کاتی رووپێوکردنی بەخشینی ماسک لە کۆمپانیایەکەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی، فەرمانبەرێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە" ھەمووتان بە پێلەقە فڕێ دەدەمە دەرەوە".

 
لە بەیاننامەیەکدا کە پەیامنێری مەیدانی چەند کەناڵێک بڵاویان کردۆتەوەو دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووە، تیایدا هاتووە" ماوەیەکە لەمیانی جێبەجێکردنی کاروبارەکانی رۆژنامەوانییمان، رووبەڕووی ھەڕەشە و سووکایەتی دەبینەوە لەلایەن فەرمانبەرێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".

 
هەروەها لە بەیاننامەکەی ئەو رۆژنامەنووسانەدا هاتووە" ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٠، جارێکی دیکە کە خەریکی رووماڵ و گواستنەوە ھەواڵێک بووین سەبارەت بە پێشکەشکردنی ١٠٠ هەزار ماسک لەلایەن بەشی کارفوری فامیلی مۆڵ بۆ وەزارەتی تەندروستی، بەداخەوە ئەو بەڕێزە لەوێ بوونی ھەبوو، دیسان وەک ھەمیشە ھات و بیانووی بە رۆژنامەنووسان گرت و دواجار گوتی (ھەمووتان بە پێلەقە فڕێ دەدەمە دەرەوە) و ئێمەش بایکۆتی رووماڵەکەمان کرد و شوێنەکەمان بەجێھێشت".


ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:


بەیاننامەیەک لە ژمارەیەک رۆژنامەنووسانەوە


بەڕێزان
- لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی کوردستان
- فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
- سەندیکای رۆژنامەنووسان
- سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان


ماوەیەکە لەمیانی جێبەجێکردنی کاروبارەکانی رۆژنامەوانییمان، رووبەڕووی ھەڕەشە و سووکایەتی دەبینەوە لەلایەن فەرمانبەرێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٠، جارێکی دیکە کە خەریکی رووماڵ و گواستنەوە ھەواڵێک بووین سەبارەت بە پێشکەشکردنی ١٠٠ هەزار ماسک لەلایەن بەشی کارفوری فامیلی مۆڵ بۆ وەزارەتی تەندروستی، بەداخەوە ئەو بەڕێزە لەوێ بوونی ھەبوو، دیسان وەک ھەمیشە ھات و بیانووی بە رۆژنامەنووسان گرت و دواجار گوتی (ھەمووتان بە پێلەقە فڕێ دەدەمە دەرەوە) و ئێمەش بایکۆتی رووماڵەکەمان کرد و شوێنەکەمان بەجێھێشت.


ئێمە دەزانین کە ئەم جۆرە ھەڵسوکەوتە گوزارشت لە خودی کەسەکە دەکات و، دوورە لە پڕەنسیپ و ئیتیکی خودی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام پێیویستە لایەنی پەیوەنددار بەدواداچوون و لێپرسینەوەی یاسایی بکەن بە پێی یاسای رێکاری فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کەسانە ئیستیغلالی پۆستی وەزیفییان نەکەن بۆ ھەڕەشە و ھێرشکردنە سەر ھاووڵاتییان.


ناوی دەزگاکانی کە ھەڕەشەیان لێکرا و بایکۆتیان کرد


- کەناڵی گەلی کوردستان
- کەناڵی ئێن ئاڕتی
- کەناڵی ئاسمانیی سپێدە
- ئاژانسی ئانادۆڵو
- تۆڕی ھەواڵی ژیان
- تۆڕی میدیایی وشە
- ئاژانسی رۆژنیوز
- رادیۆی نەوا
- سایتی خەندان
- سایتی وڵات

 


PM:03:38:23/04/2020