هەنگاو: سزای لە سێدارەدان بەسەر دوو گەنجی خەڵکی بانە جێبەجێ کرا

لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشکرایکردووە" سزای لە سێدارەدان بەسەر دوو لاوی خەڵکی بانە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا حوکمی سێدارەی ٤ هاووڵاتیی کورد لەو بەندیخانەیە جێبەجێ کراوە".

 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە" بەرەبەیانی دوێنێ هەینی سزای لە سێدارەدان بەسەر دو هاوڵاتیی خەڵکی بانە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کراوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە" ئەو دو هاوڵاتییە کوردە بە ناوەکانی عەبدولواحید فەیزی و ڕامیار موخلیس لەلایەن دادگای تاوانەکانی ١ی شاری سنە  بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" سزای لە سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە".

رامیار موخلیس تەمەن ٢٨ ساڵ، پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی کەسێکی دیکە بە ناوی هێمن مەعروف دەستبەسەر و عەبدولواحید فەیزی سێ ساڵ بەر لە ئێستادا بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک بە ناوی ئەفشین دەستبەسەر کرابو.
 
بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی هەفتەی رابردودا لانیکەم شەش هاوڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی سەقز، بانە، دێولان و شاباد لە بەندیخانەکانی سەقز، سنە و کرماشان لەسێدارە دراون و حوکمی سێدارەی سێ کەسیش دواخراوە یان هەڵوەشاوەتەوە.



AM:09:50:25/04/2020