لەتیف شێخ مستەفا: ماڵی دزراوی میللەت بۆ ڕۆژی ڕەش

لەتیف شێخ مستەفا، پسپۆڕی یاسای دەستوریی لە نوسینێکیدا لە ژێرناوی "ماڵی دزراوی میللەت بۆ ڕۆژی ڕەش" دەڵێت" ئێستا کاتیەتی ھەموو ئەندامانی بنەماڵە سیاسیەکان وئەندامی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی حیزبەکان و وەزیرو گزیرو سەرکردایەتی و بنکردایەتیەکان ئەو ھەموو ملیارەھا دۆلارەی لە ماڵی میللەت بردویانە بیگێڕنەوەو وەک خەلک بژین".

 

لەتیف شێخ مستەفا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" لە نوسینێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە ئێستاشدا باشترین ھەل ھاتۆتە پێشەوە کە دادی کۆمەڵایەتی بەرقەرار بێت و ئیتر جیاوازی موچەی پلەی باڵاو پلەی تر نەمێنێ، ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە موچەی مامۆستاو دکتۆرێک لە موچەی وەزیر و پەرلەمانتارو حاکم و وەکیل وەزیرو راوێژکارو بەرێوەبەری گشتی زیاتر بێت".

 

دەشڵێت" کاتی ئەوە ھاتوە کە بریار بدرێ نابێ زۆرترین مووچە لەدوو ملێۆن زیاتر بێت، کێ پێی ناکرێ با نەیکات ھەزارەھا خەلک ھەن زۆر بە کەمترو بەشارەزایی باشتر جێگایان دەگرنەوە".

 

دەقی پەیامەکەی لەتیف شێخ مستەفا بەم شێوەیە: 

 

ماڵی دزراوی میللەت بۆ ڕۆژی ڕەش

لەکاتی ئابڵوقەی گەلەکۆمەکێی سوپاکانی پاشاکانی یۆنان بۆ سەر شاری ترۆی « تەروادە» و کەم بونەوەی خواردن و خواردنەوە ودەرچونی بڕیارێک لە پاشاوە کەبەشە خۆراکی ھەر خێزانێک رۆژانە بە بڕێکی کەم دیاری کرد ، گفتوگۆیەک دەکەوێتە نێوان ئەندامانی بنەماڵەی حوکمڕانی ترۆی لەسەر ئەوەی ئایا ئەوانیش وەک خەلکی ئاسایی بەشە خواردنیان بەربکەوێ یان ئەوان جیابن و وەک جاران بژین، ھەندێکیان دەڵێن پێویستە ئەو بڕیارە تەنھا گەل بگرێتەوەو شمولی ئەوان نەکات بۆ ئەوەی بەھێز بن و بتوانن بریاری باش بدەن کە بتوانێ بەرگری لەشارەکە بکات .
یەکێکیان دەڵێ لەو کاتانەی قەیران ڕوبەڕوی وڵات دەبێتەوە پاشاکان دوو جۆرن ، جۆرێکیان خۆپەرستن و خۆیان لەخەڵک جیادەکەنەوەو لە ژیانی شاھانەی خۆیان واز ناھێنن دواجار ھەم خەلک و ھەم دەسەڵاتیش لەدەست دەدەن ، جۆرێکی تر ھەن کە بڕیار دەدەن ھەمان ژیانی گەلەکەیان بژین و خۆیان جیا نەکەنەوە ، سەرەنجام سەردەکەون، ئەوان دواجار بڕیار دەدەن وەک خەلکی خۆیان بژین ، ئەوەبو توانیان بۆماوەی زیاتر لە دەساڵ بەرگریان کردو سوپای ھەموو پاشاکانی یۆنان شارەکەی پێداگیر نەکرا ، تا دواجار پەنایان بردە بەر فێڵی ئەسپە دارینەکە ، کە چیرۆکێکی بەناوبانگەو وەک پەندی لێھاتوە بەناوی « ئەسپی تەروادە یان ترۆی»
بۆیە ئێستا کاتیەتی ھەموو ئەندامانی بنەماڵە سیاسیەکان وئەندامی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی حیزبەکان و وەزیرو گزیرو سەرکردایەتی و بنکردایەتیەکان ئەو ھەموو ملیارەھا دۆلارەی لە ماڵی میللەت بردویانە بیگێڕنەوەو وەک خەلک بژین
لە ئێستاشدا باشترین ھەل ھاتۆتە پێشەوە کە دادی کۆمەڵایەتی بەرقەرار بێت و ئیتر جیاوازی موچەی پلەی باڵاو پلەی تر نەمێنێ ، ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە موچەی مامۆستاو دکتۆرێک لە موچەی وەزیر و پەرلەمانتارو حاکم و وەکیل وەزیرو راوێژکارو بەرێوەبەری گشتی زیاتر بێت
کاتی ئەوە ھاتوە کە بریار بدرێ نابێ زۆرترین مووچە لەدوو ملێۆن زیاتر بێت ، کێ پێی ناکرێ با نەیکات ھەزارەھا خەلک ھەن زۆر بەکەمترو بەشارەزایی باشتر جێگایان دەگرنەوە



PM:09:11:25/04/2020