شاسوار عبدولواحید: ئەگەر حکومەت چارەسەری کێشەی مووچە نەکات پشتگیری خۆپیشاندان دەکەین


شاسوار عبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەگەر ئەم بەناو حکومەتە کێشەی موچە چارەسەر نەکات و پلانێکی تۆکمەی نەبێت بۆ ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان و باشکردنی گوزەرانی خەڵک، ئەوە جارێکی تر پشتیوانیی خۆپیشاندان دەکەین".

 

شاسوار عبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" لە نوسینێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە" کاتێک بڕیارمان دا کە ٢٢ ی شوبات خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت، راستەوخۆ وەزارەتەکان و حکومەت کۆمەڵێک بریاریان دا بە مەبەستی هێورکردنەوەی خەڵک و ساردکردنەوە لە خۆپیشاندان، جا ئێوەی بەرێز پێم بڵێن حکومەت چەندەی لەم بریارانە جێبەجێکرد؟".

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا شاسوار عبدولواحید دەشڵێت" ئەمەی ئێستا روودەدات شکستی ئەم گرووپەن کە ٢٩ ساڵە حوکمی کوردستان دەکەن (هەرچەندە ناکرێت وشەی حکومەت و حوکمڕانیی بۆ ئەمانە بەکار بێت). بە تایبەتتر لە ئێستادا شکستی ئەم بەناو حکومەتەیە کە پارتیی سەرکردایەتیی دەکات و یەکێتی و گۆڕان بەشدارن تێیدا".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاشیگەیاند" ئەگەر ئەم بەناو حکومەتە کێشەی موچە چارەسەر نەکات و پلانێکی تۆکمەی نەبێت بۆ ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان و باشکردنی گوزەرانی خەڵک، ئەوە جارێکی تر پشتیوانیی خۆپیشاندان دەکەین لە هەموو شار و شارۆچکەکان و کۆتاییهێنان بەم شێوازە لە حوکمڕانیی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە".

وتیشی" ئەمە حەقیقەتە و دەبێت دەسەڵات باش بیزانێت، ئەگەر گوزەرانی خەڵک باش نەکەن و موچە نەدەن، ئەوە بزانن خەڵک لێتان قبوڵ ناکەن و چاوەڕێی کاردانەوەی توند بن".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا شاسوار عبدولواحید ڕاشیگەیاندووە" ئەوەی لەسەر ئێمەشە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەگەڵ خەڵکی خۆمان دەبین و شان بە شانی جەماوەر لە هەموو شارەکان دێینە سەر شەقام".



PM:10:51:25/04/2020