سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا گەڕایەوە سەركارەكەی

سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا دوای چاكبوونه‌وه‌ی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ستی به‌كار كرده‌وه‌ و چووه‌وه‌ سه‌ر كورسیی به‌ڕێوه‌بردن و وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند" كۆرۆنا جگە لە مردن ئابوریش لە ناودەبات".

 

بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نوسینگەی سەرۆکایەتی خۆی لە داونینگ ستریت رایگەیاند" ڤایرۆسی کۆرۆنا گەورەترین قەیرانە کە روبەڕوی مرۆڤایەتی بوبێتەوە لە دوای جەنگی دوەمی جیهانییەوە".

 

جۆنسن بە شانازیەوە باسی ئەوەی كرد كە رێیاننەداوە كەرتی تەندروستی لە وڵاتەكەیان پەكی بكەوێت و ئامێری هەناسەدانیان دابین كردووە و كارمەندانی تەندروستیان پاراستووە. 

 

باسی لەوەشکرد، دەزانێت پابەندبوون بە رێنمایی پاراستنی ماوەی کۆمەڵایەتی چەند سەختە، داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد کە ئارامبگرن بۆ ئەوەی سەرکەوتوانە ئەو رەوشە تێپەڕێنن.

 

بۆریس جۆنس، کۆتایی مانگی ئادار لە پەیامێکدا رایگەیاند، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، بەڵام باری تەندروستیی باشە و لە ماڵەکەیدا خۆی کەرەنتین کردووە و کارەکانی بەڕێوەدەبات، بەڵام چەند رۆژێک دواتر نووسینگەکەی رایگەیاند، بەهۆی خراپتربوونی باری تەندروستی، گواستوویانەتەوە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لەندەن و خرایە ژێر چاودێریی وردی پزیشکی.

هەفتەی رابردوو، میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردەوە، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی دووشەممە ٢٧ی نیسان دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی.

 

 

 



PM:12:30:27/04/2020