حکومەتی هەرێم لەسەر کێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا روونکردنەوە دەدات

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات " قووتی خەڵکی کوردستان وەک کارتی فشار لە دژی هەرێم بەکارنەهێنرێت و دواخستنی مووچەش بە پرسێکی ' سیاسی " ناوزەد دەکات.

 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، د. جووتیار عادل، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی پەیوەندیان لەگەڵ بەغدا وتی " لێکتێگەیشتنێکی باش لەدوا سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا و باس لەوە کرا کە هەماهەنگیی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق هەبێت تا بە یەک هەڵوێست و یەک پەیام کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین".

 

ئەو وتیشی" باس ئەوە کراوە کە ناکرێ مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و خەڵکی کوردستان بخرێتە ژێر فشاری سیاسی، دەکرێ ئەو بابەتە جیا بکاتەوە و حکوومەتی هەرێم و فیدرال باسی بابەتەکانی دیکە بکەن. ناکرێ قووتی خەڵک بکرێتە کارتی فشار و موزایەدەی لەسەر بکرێ.

 

جوتیار عادل ئەوەشی خستەڕوو ” حکوومەتی هەرێمی کوردستان وابەستەی پابەندییە نەوتی و داراییەکانیەتی بەرامبەر فیدرال و ئەوانیش دەبێ پابەندی ئەرکە داراییەکانی بێت کە لە چوارچێوەی یاسای بودجە و ئەو لێکتێگەیشتنەی لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ کراوە.

 

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات داواکارییەکانی هەرێم یاسایین و بەپێی قانونی بودجەی عێراقی ٢٠١٩ و سوورن لەسەر ئەو بابەتە و دیسان داوا دەکەن ئەم بابەتە نەکرێتە سیاسی. پێشنیاز دەکەن بە زووترین کات و وەکوو چارەسەرێکی بنەڕەتی، دەرکردنی یاسای نەوت و غازی عێراقییە کە لە ٢٠٠٧ رەشنووسەکەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی عێراق پەسەند کراوە. لە نێو ئەو یاسایەدا هەموو ماف و ئەرک و دەسەڵاتەکان لە ئاستی نەوت و دارایی جێ بکرێتەوە.



PM:03:04:27/04/2020