مەزڵوم کوبانێ بەتوندی تەقینەوەکەی دوێنێی عفرین مەحکوم دەکات

مەزڵوم کوبانێ فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات تەقینەوە گەورەکەی دوێنێی شاری عفرینی رۆژئاوای کوردستان بەتوندی مەحکوم دەکات و بەکارێکی " تیرۆریستی " ناوزەد دەکات.


مەزڵوم کوبانێ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەبارەی تەقینەوەکەی دوێنێ شاری عفرینەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی " ئەوەی دوێنێ لە عفرین روویدا، کارێکی تیرۆریستی مەحکومکراوە، کە بۆتە هۆی لەناوبردنی کەسانی بێ گوناح".

 
لە درێژەی نووسینەکەیدا کوبانێ دەڵێت " ئەم کردە تاوانکاریە بەرهەمی سیاسەتی وێنرانکاریە کە داگیرکاری تورکیا و چەتە خۆفرۆشەکانی لە شاری عفرین شاری ئاشتی و زەیتون گرتوویەتە بەر".


دوێنێ لە تەقینەوەیەکی گەورەدا لەشاری عفرین زیاتر لە ٥٠ کەس کوژران و زیاتر لە١٠٠ کەسی تر برینداربوون کە زۆریان مەدەنین.
تورکیا ئەم تەقینەوەیەی خستە ئەستۆی یەپەگە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ئیدانەی تەقینەوەکەی کرد.

 


PM:01:15:29/04/2020