د. بەشیر حەداد لەبارەی گفتوگۆکانی هەرێم‌و بەغدا روونکردنەوە دەدات



جێگری کوردەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، د. بەشیر حەداد رایگەیاند" هەرێمی کوردستان بە گوێرەی رێککەوتنێک کە گەرەنتی دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بکات، ئامادەیە نەوت رادەستی بەغدا بکات".


د. بەشیر حەداد لە روونکردنەوەیەکدا کە لە کەناڵی ئەلعراقییە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت " وەفدی هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی وزە، دارایی، ناوچە کێشەلەسەرەکان و موچەی فەرمانبەران سەردانی بەغدایان کردووە".


جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەش دەخاتەڕوو "ئەو شاندە حکومیەی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئەندامیەتی وەزیری دارایی و پلاندانان سەردانی بەغدایان کردوە، دۆسیەکانی ئابوری، دارایی و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق تاوتوێ دەکەن".

 
د. بەشیر حەداد دەشڵێت "هەروەها پرسی دابەزینی بەهای نەوت و ئەو ئاستەنگیانەی روبەروی ئابوری عێراق بونەتەوە لەگەڵ پرسی هاوبەشیکردنی هەرێم لە کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت گفتوگۆیان لەبارەوەدەکرێت، حکومەتی هەرێمیش ئامادەیی خۆی بۆ رادەستکردنی نەوت دەربڕیوە بە گوێرەی رێککەوتنێک کە گەرەنتی دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم بکات".


دوو رۆژە وەفدێکی حکومەتی هەرێم بە ئامانجی چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەران و پرسی نەوت سەردانی بەغدای کردوە و ئەمڕۆ ژمارەیەک کۆبوونەوەیان سازکرد و سبەی دوا کۆبوونەوە سازدەکەن.

 


PM:06:30:29/04/2020