تەندروستی کۆیە: ئەنجامی ١٠٠ پشکنین نێگەتیڤ دەرچوون

تەندروستی كۆیە ئەنجامی پشكنینی قۆناغی دووەمی  بەشداربووانی پرسەی ئەو هاوڵاتیەی راگەیاند كە لە چەند رۆژی رابردوودا كۆچی دوایی كرد و دەركەوت هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە.
 

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا covid-19 و دەستنیشانکردنی توشبوان لەڕێگەی پشکنینەوە، تیمەکانمان سامپڵیان لە ١٠٠ بەشدار بووی تری پرسەکە وەرگرت".

 

ڕاشیگەیاند" کە ئەنجامی پشكنینی سەرجەمیان نێگەتیڤ بوو، واتا هیچ كامیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبوون".
 
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا دوای ئەوەی هاوڵاتیەك لەشاری كۆیە كۆچی دوایی كرد، دواتر ئەنجامی پشكنینەكانی دەرچوو و دەركەوتبوو هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنابووە، بەو هۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی كۆیە داوای لەسەرجەم بەشداربوانی پرسەكەكرد كەپشكنینی تایبەت بەڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجامبدەن.




PM:04:01:30/04/2020