ئوستراڵیا لە دژایەتییکردنی چین شوێنی بە ئەمەریکا چۆڵکردووە

لوقمان غەفوور

 

وەزیری دەرەوەی ئوستراڵیا ھۆشداریی دەداتە چین ھیچ ھەوڵێکی (زۆرەملێی ئابووری) نەگرێتەبەر لەبەرامبەر ئەو داوایەی وڵاتەکەی بۆ لێکۆلێنەوە لە کۆرۆنا ڤایرۆس.

ئوستراڵیا رۆژی 19ی نیسان لە رێگەی ماریز باین وەزیری دەرەوە داوای لە چین کرد واز له‌ ساخته‌چێتی و ناشه‌فافی بێنێت و پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سه‌ر بنچینه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ و چۆنێتی بڵاوبوونه‌وه‌ی بكرێت.

ھەروەھا سکۆت مۆریسۆن سەرۆک وەزیرانی ئوستراڵیا لەدوای پەیوەندیکردنی بە سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی فەرەنسا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز لە 22ی نیسان، مۆریسۆن داوای لێپێچینەوە لە ڕێکخراوی WHO و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە بنەمای ڤایرۆسەکە و بڵاوبوونەوەی ئەکات. بەڵام چین ئوستراڵیا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی و وەزیرەکانی لەلایەن ئەمریکاوە ئامۆژگاری دەکرێن.

لەبری پێشوازی له داواکەی ئوستراڵیا، بەپێی هەوالێکی رۆیتەرز-ی 28ی نیسان، تشینگ جینگی، باڵیۆزی چین لە ئوستراڵیا بە هەڵچوونەوە دەڵێت: "گەلی چین دوورئەکەوێتەوە لە هاوردەکردنی کاڵای ئوستراڵيا و خوێندن لە زانکۆکانی ئوستراڵیا".

لە ھەمان ڕۆژ، مۆریسۆن لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسی "گفتوگۆیەکی لەڕادەبەدەر گرنگمان" کرد لەگەڵ سەرۆک ترەمپ دەربارەی ڕێوشوێنە پێویستیێەکانی ھەردوولا دەربارەی کۆڤید 19 و پێویستییەکانی چالاککردنەوەی ئابووری و بەگەڕخستنەوەی.

ئوستراڵیا ھەفتەی پێشوو، داوای لە تەواوی ئەندامانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی کرد کە لێکۆلینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف بکەن لە بنەمای و بڵاوبوونەوەی. تەنانەت فشاری خستەسەر سەرکردەکانی دونیا کە لە چین نەبوورن لەم کارە.

هەموو بەرپرسە باڵاکانی ئوستراڵیا خەجت لەوەدەکەنەوە کە سوورن لەسەر لێکۆڵینەوە، ماریز باین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوستراڵیا بۆ ته‌له‌فیزیۆنی ئه‌ی بی سی دووپاتیكرده‌وه،‌ "گرفتی ڤایرۆسەکە پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌جیا قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و چین تێكه‌ڵ به‌ هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌كرێت" وتیشی: "له‌ راستیدا ئوستراڵیا به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌و لێكۆڵێنه‌وه‌یه‌".

زۆرێک ئەم هەڵوێستەی ئوستراڵیا بە سەرکێشی وەسفدەکەن، جۆرج ماگنۆس یاریدەدەری سەنتەری چین -ی زانکۆی ئۆکسفۆرد و گەورە بەرپرسی پێشوو لە بانکی UBSـی وەبەرھێنان ئەم ھەڵوێستەی ئوستراڵیا بە خەمخۆریی بۆ مرۆڤدۆستی وەسف دەکات، چونکە ئوستراڵیا وێرای ئەوەی کەمترین مردنی تۆمارکردووە کە نەگەیشتۆتە 100 کەس و ژمارەی حاڵەتەکانیشی نەگەیشتۆتە 7 ھەزار ، بەرژەوەندییەکی گەورەی ئابووری لەگەڵ چین ھەیە.

ئەو بۆ گۆڤاری ئیکۆنۆمیک لە 28ی نیسان دەڵێت: "گەورەترین بازاڕی ساغکردنەوەی گۆشتی مانگا و شەرابی ئوستراڵی، وڵاتی چینە. ئوستراڵیا ساڵانە بە بەهای 85 ملیار دۆلار کەلوپەل ھەناردەی چین دەکات لەبەرامبەردا بە بەهای 47 ملیار دۆلار کەلوپەل لە چینەوە ھاوردە دەکات".

رەنگە جەنگی ساردی نێوان ئۆستراڵیا و چین زیان بە ئابووری ھەردوولا بگەیەنێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی ئوستراڵیا بۆ ھەناردەکردن بەدیلی ھەیە، ئەویش ژاپۆن و کۆریای باشوورە کە بەھەردووکیان ساڵانە بە بەهای 54 ملیار دۆلار ھاوردەی گۆشتی مانگا و شەراب ئەکەن لە ئوستراڵیاوە بۆیە زیانی کەمتر دەبێت وەک لە چین. لەگەڵ ئەوەش، سیمۆن برمنگھام وەزیری بازرگانی ئوستراڵیا بۆ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ ڕیڤیو- ی ئوستراڵی دەڵێت: "ئوستراڵیا سەرەچاوەیەکی سەرەکی زۆر پێویستی چینە نەک ھەر گۆشت و شەراب، بەڵام بە ھەزاران کەس لەبەرچاومان ئەمرن ناکرێت چاو داخەین لەبەرژەوەندی ئابووری ئوستراڵیا".

وتیشی:"بە ملیۆنەھا کەس بێکار و بێ دەرامەت بوون، ئەی کێ قسە لەسەر ئەمانە بکات، بۆیە ئوستراڵیا ھەڵوێستی سیاسی دەربارەی مەسەلەی تەندروستی گشتی ناگۆڕێت لەبەرامبەر زۆرەملێی ئابووری یاخود ھەڕەشەمان بە زۆرەملێی ئابووری لێبکرێت".



PM:06:28:30/04/2020