وەزارەتى کارو کاروباری کۆمەڵایەتی داواى خەرجکردنى موچەى کرێکاران دەکات

لە پەیامێكدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی كرێكارانەوە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕای دەگەیەنێت" داواكارین خاوەنكارەكان پابەندی یاسا بەركارەكان بن و موچەی كرێكارەكانیان بدەن".

 

کوێستان محەمەد وەزیرى كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا تایبەت بە ساڵرۆژى جیهانى کرێکاران ئاماژەى بەوەکردووە" رێزی كرێكاران و داواكردنی مافەكانیان نابێت لە تەنها رۆژێكی ساڵدا قەتیس بكرێتەوە، بەڵكو لەسەرجەم رۆژەكانی ساڵ دەبێت هەوڵ و ماندووبوو لەلایەن سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگا لەبەرچاو بگیرێت".

 

دەشڵێت" داوا كارین لە كۆمپانیا و خاوەن كارەكان و كارگە ئەهلییەكان كە بە جوانترین شێوە مافی كرێكاران دەستەبەر بكەن، چاكترین خزمەتیان پێشكەش بكەن و ڕەچاوی ئەو بارە نا هەموارەی هەرێمی كوردستان بكەن، وەك ئەركێكی نیشتمانی و مرۆیی".

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

وتەی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە بۆنەی ١ی ئایار/ ساڵڕۆژی جیهانی كرێكاران

كرێكاران هەمیشە چینێكی خۆبەختكارو خەمخۆری میللەتن و هەموو ساڵێك لە ١ی ئایاردا وەك نەریتێكی جیهانی پیرۆزبایی پێشكەشی كرێكاران دەكرێت و ئاهەنگ و بۆنەی تایبەتیان بۆ سازدەكرێت، وەك پێزانینێك بەرامبەر رۆڵی گرنگیان لە نێو كۆمەڵگاو لەبەر چاوگرتنی ماندووبوونیان و مافەكانیان.

ئێمەش لە هەرێمی كوردستان هەرچەندە ناتوانین وەك پێویست بەرزی ئەم رۆژە رابگرین (لەبەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی تیایدا دەژین لە رووی تەندروستی و ئابوورییەوە)، بەڵام لەگەڵ ئەوش وەك نەریتێكی هەمیشەیمان ئەم رۆژە لە سەرجەم كرێكارانی جیهان بە گشتی و كرێكارانی كوردستان بە تایبەتی پیرۆز دەكەین.

بەسەرجەم كرێكاران رادەگەێنین كە باوەڕی تەواومان هەیە بەوەی كە رێزی كرێكاران و داواكردنی مافەكانیان نابێت لە تەنها رۆژێكی ساڵدا قەتیس بكرێتەوە، بەڵكو لەسەرجەم رۆژەكانی ساڵ دەبێت هەوڵ و ماندووبوون و تێكۆشانیان لەلایەن سەرجەم توێژەكانی كۆمەڵگا لەبەرچاو بگیرێت و هەموو پێكڕا داكۆكیكاری سەرسەختی مافەكانیان بین.

لای هەمومان روونە كرێكارانی كوردستان لەم بارودۆخەی ئێستادا (وەك سەرجەم كرێكارانی جیهان) زیاتر لە پێكهاتەكانی تری كۆمەڵگا پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە، چونكە بژێوی ژیانیان رۆژانەیەو نەبوونی رۆژێكی كار كاردەكاتە سەر داهاتیان و شێوازی ژیانیان، چ جای ئەوەی بۆ نزیكەی دوو مانگ لە كارەكانیان داببڕێن.

بۆیە داواكارین لە سەرجەم خاوەن كارو كارگەو كۆمپانیاكان كە پابەندی یاسا بەركارەكان بن و مووچەی كریكارەكانیان بدەن، هەروەها داواكارین لە كەسانی تواناداری یٔەم نیشتمانە كە هەموو هەوڵ و تینێكیان بخەنە كار بۆ هاریكاری و خزمەتكردنی كرێكاران
بە تایبەتی و خەڵكی هەژار بە گشتی.

ئێمەش وەك وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كە زیاترو راستەوخۆتر لە وەزارەتەكانی تر پەیوەندیمان لەگەڵ كرێكاران هەیە.. خزمەتی ئەم چینە كەم نازو ماندوو نەناسە بە ئەركی سەرەكی سەرشانی خۆمان دەزانین و بە شانازییەوە هەموو هەوڵێكمان دەخەینە كار بۆ زیاتر خزمەتكردنیان لە رووی چەندیەتی و جۆریەتییەوە.

لەم ماوە كورتەی كابینەی نۆیەمیش ویرای كورتی ماوەو نالەباری سەرجەم بوارەكانی سیاسی و ئابووری و تەندروستی هەوڵمان داوە چەندین خزمەتی كاریگەرو بنەڕەت پێشكەش بە كرێكارانی كوردستان بكەین، لەوانە:

1. ئامادەكردنی رەشنووسی یاسای كار، كە ئێستا لە ئەنجومەنی شورایە، تا ببێتە زامنی پاراستن و فراوانكردنی مافی كرێكاران، لە چوارچێوەی یاسا بۆ ئەوەی هەمیشە بەردەوامیەتی مافەكان هەبێت.

2. كاركردن لەسەر ئامادەكردنی رەشنووسی هەمواری یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، بە جۆرێك لەگەڵ بارودۆخی ئێستا و داهاتووی كوردستان گونجاوتر بێت و مافی زیاتر بۆ كریكاران بە تایبەتی و خانەنشینان بە گشتی دابین بكات.

3. چالاككردنی لێژنەكانی بەدواداچوون بۆ دەستەبەركردنی كرێكاران، تاكو بتوانین هەموو كرێكاران دەستەبەر بكرێن و مافەكانیان پارێزراو بێت، لە كاتی روودانی هەركارەساتێك یاخود دوای گەیشتنە تەمەنی خانەنشینی.

4. كاراكردنی لێژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی كار بۆ زیاتر بەدواداچوونی مافی كرێكاران و نەهیشتنی ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر كرێكاران دەكرێن.

5. لە هەوڵی بەردەوام داین بۆ چالاككردنی هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی (الصحە والسلامە المهنیە)، تاكو ژیانی كرێكاران لە كاتی كاركردندا پارێزراو بێت و دوور بن لە بەركەوتەی ترسناك لە كاتی كاركردن.

6. هەڵمەتی نیشتیمانیمان دەست پێكردووە بۆ هۆشیاركردنەوەی كرێكاران لە هەردوو بواری دەستەبەركردن و تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی (الصحە والسلامە المهنیە)، كە هەردووكیان لە بەرژەوەندی كرێكاراندایە.

7. هیلێ گەرمی وەزارەت (بە ژمارە ٥٥٠٠) ی تایبەت بە كرێكاران و كرێكارانی بیانی بۆ ئەوەی هەمیشە بە ئاسانترین شێوەو دوور لە رۆتین لە پەیوەندی دابین لەگەڵ سەرجەم كرێكاران و لە رێگای ئەم ژمارەوە بتوانن هەر پرسیارو گازاندە و پێشێلكارییەك هەبێت بەزووترین كات و باشترین شێوە بگەێندرێت.

8. ئەمە جگە لە بەردەوامی خزمەتگوزاری لە بنكەكانی مەشق و راهێنانی پیشەیی و خولی بەردەوام لە ئەكادیمیای سویدی بە گوێرەی پێداویستی بازاڕ، بۆ ئامادەكردنی دەستی كرێكاری پێویست لە بازاڕو، دۆزینەوەی هەلی كار بۆ ئەو كەسانی ناویان لە وەزارەت تۆماركردووەو، هەوڵدان بۆ رەخساندنی زۆرترین دەرفەتی كار لە رێگای جەخت كردنەوە لە خاوەن كۆمپانیاكان و پێدانی قەرزی بچووك بۆ رەخساندنی هەل ودەرفەتی زیاتری كاركردن.

لە كۆتاییشدا پەیمان بە سەرجەم كرێكارانی كوردستان دەدەین كە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا هەوڵی جدیمان دەبێت بۆ دابینكردنی زۆرترین مافی كرێكاران و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە سەرجەم كرێكاران.. هاوكاتیش داوا كارین لە كۆمپانیا و خاوەن كارەكان و كارگە ئەهلییەكان كە بە جوانترین شێوە مافی كرێكاران دەستەبەر بكەن و، چاكترین خزمەتیان پێشكەش بكەن و رەچاوی ئەو بارە ناهەموارەی هەرێمی كوردستان بكەن، وەك ئەركێكی نیشتمانی و مرۆیی.

هەروەها داوا لەسەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن و سەندیكای كرێكاران و پسپۆڕانی بواری كار دەكەم كە هاوكارمان بن لە هەڵمەتی نیشتمانی بۆ پیشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە كرێكاران و، سەرجەم ئەو لایەنانەو كرێكارانیش ئاگاداردەكەمەوە كە دەرگای وەزارەتمان هەردەم واڵایە بۆ هەر پێشنیار و هاوكارییەك كە ببێتە مایەی زیاتر خزمەتكردن بە كرێكاران.

دووبارە پیرۆزو شەكاوە بێت ١ی ئایار رۆژی جیهانی كرێكاران و بە هیوای هاتنەدی سەرجەم داوكارییە رەواكانیان لە كورستانێكی ئارام و ئاوەدان و لە ژێر چەتری دادوەری و خزمەتگوزاری بۆ هەمووان.

كوێستان محمد عبدالله
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی
١ی ئایاری ٢٠٢٠

 


PM:12:44:01/05/2020