ئەمڕۆ شاندەكەی هەرێم دەچنەوە بەغدا

بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە، جارێكی تر شاندەكەی هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە بەغدا و بەردەوامی بە گفتوگۆكان بدەن.

 

ئەحمەد سەفار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمی "پارتی" رایگەیاندووە" ئه‌مڕۆ جارێكی دیكە شاندەكەی هەرێم دەچێتەوە  بەغدا و درێژە بە دانوستانەكان دەدەن".

هۆكارەكەشی بۆئەوەگەڕاندووەتەوە، بەغدا داوای هەندێك زانیاری لەبارەی نەوت و داهات لە هەرێم كردووە، بۆیە ئەمجارە دەیانەوێت لەسەر كۆی كێشەكان بگەنە رێككەوتن و تەنها پرسی مووچە نەبێت.

ئەوپەرلەمانتارە بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ئەوەشیخستووەتەڕوو: ئەگەر رێككەوتن بكرێت، پێویستە بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە بڕیار، كە ئەمەش رەنگە بكەوێتە دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كە بڕیارە ئەم هەفتەیە دەنگی لەسەر بدرێت و ئەمەش پێویستی بە رەزامەندیی هەموو فراكسیۆنەكان هەیە. 

رونیشیكردووەتەوە، حكومەتی هەرێم دەیەوێت كێشەكە بە یەكجاری چارە بكرێت و ساڵانە دووبارە نەبێتەوە، چونكە ناكرێت ساڵانە ئەو كێشەیە دووبارە ببێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.

سەفار ئەوەشی وتووە، شاندەکەی هەرێم تەکنیکییە و مەبەستی سەرەکی گفتوگۆکانیش رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا لەبارەی نەوت و مووچەی هەرێمەوە. 

 

لە ماوەی هەفتەی رابردوو شاندێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت رۆشتنە بەغدا بۆ گفتوكۆكردن لە بارەی رێككەوتنی هەرێم و بەغداو ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و رۆژی ١ی ئایاری ٢٠٢٠ گەڕانەوە و دوێنێش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.

 

 



ئه‌م بابه‌ته ‌562 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:44:03/05/2020