ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاشکرا کرا

ئیوارەی دوێنێ دووشەممە بە سەرپەرشتی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەكتەبی سیاسی کۆبووە لە دەباشان  لە شاری سلێمانی،  لە كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی  یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداربوون.

لە راگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و باری گوزەران و ژیانی هاوڵاتیان و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و دۆخی نالەباری ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان و مەترسی سەرلەنوێی داعش و كاروباری ناوخۆی حیزبی بە ووردی تاووتوێ‌ كران". 

ئاماژە بەوەشکراوە" سەبارەت بە هەوڵەكانی شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغدا ، كۆبونەوە وێڕای دەست خۆشی لە هەوڵ و كۆششی وەفدەكە بۆ چارەسەری كێشەی موچە و شایستە دارای یەكانی هەرێم، بە گرنگی یەكی زۆرەوە لەسەر هۆكار و لێكەوتەكانی ئەم پرسە وەستاو ، دابین كردنی موچەی فەرمانبەران و پاراستنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی لە ئێستادا بە ئەركی هەرە سەرەكی حكومەتی هەرێم داناو لە وكاتەی سەرباری ئەو دۆخە سەختەی پەتای كۆرۆنا بۆ هەموانی دروست كردووە ، نەبونی و هەژاریش بەرۆكی زۆرینەی خەڵكی كوردستانی گرتووە كە بەداخەوە تا دێت بەرەو خراپتریش دەڕوات".

هەروەها ئەوەشخراوەتەڕوو" لە تەوەرێكی تری كۆبونەوەكەدا ، بە گرنگی یەوە باس لە سیستمی لامەكەزی كرا و كۆبونەوەكە پێداگری كردەوە لەسەر پێویستی جێ‌ بە جێ‌ كردنی وەك خۆی ڕێكەوتنی سیاسی نێوان ( ی.ن.ك وە پ.د.ك) كە لە كارنامەی كابینەی نۆی حكومەت جێگیر كراوە و لە ئێستادا ، بۆتە داخوازیەكی جەماوەری و ئەنجومەنە هەڵبژیراوەكان ، بەتایبەت پاش ئەزمونی سەركەوتووی ئیدارە خۆجێ‌یەكان لە بەڕێوە بردنی ئەو قەیرانەی پەتای كۆرۆنا ، لە دونیا و لە هەرێمدا هێنایەكایەوە".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە" سەبارەت بە پەیوەندی یە سیاسییەكانی یەكێتی و حیزب و لایەنە سیاسییەكان ، كۆبونەوە  جەختی كردەوە ، لەسەر پەرەپێدان و پتەوكردنی هەرچی زیاتری ئەو پەیوەندیانەیە بە ئاراستەی یەك دەنگی و یەك ڕیزی و هەماهەنگی لە پێناو هێنانەدی خواستەكانی خەڵكی كوردستان و پاراستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك هەوێنی هەمیشەیی یەك ڕیزی نیشتمانی و وەك ئەمانەتێكی سەرۆك مام جەلال كە لە ئەستۆی ئێمەی یەكێتی یەكاندایە".

PM:12:31:03/05/2020