ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت تەواوی مووچەی مووچەخۆران بدات؟( سپی ) زانیاری ورد لەبارەی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا بڵاودەکاتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لە سبەی دوو شەممەوە دەستبکات بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠، ئەم مووچەیەی ئێستا دەدرێت لەسەر داهاتی نەوتی مانگی پێشووی هەرێمە، مووچەخۆران لە دڵە راوكێدا دەژین و مەترسی ئەوەیان هەیە، ئەگەر حکومەتی بەغدا بڕی ٤٥٣ ملیار دینارەکە نەنێریت، ئەو پارەیەی لەبەردەستی حکومەتی هەرێمدایە بەشی پێدانی مووچەی ئەو مانگە نەکات.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە، وەفدی دانووستانکاری هەرێم کە هەفتەی رابردوو سێ رۆژ لە بەغداد مانەوەو کۆبوونەوەیان لەگەڵ چەندان بەرپرسانی حکومی و حیزبی لە پایتەختی عێراق سازکرد، لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوە نزیکن لە رێککەوتنێکی کاتیەوە بۆ چەند مانگێک، تا سەرۆکی حکومەتی ئایندەی عێراق کە ئێستا کازمی کاندیدە یەکلایی دەبێتەوە.

دەربارەی ئەو رێکەوتنە، بەپێی زانیاریەکانی " سپی " وەفدی هەرێم رێککەوتنێکی سەرەتاییان لەگەڵ د. عادل عەبدولمەهدی کردووە کە هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کە تاکە کۆمپانیای بەبازاڕیکردنی نەوتی عێراقە بکات، بەرامبەر ئەمە حکومەتی بەغدا مانگانە تا حکومەتی ئایندە جێگیر دەبێت، بڕی ٤٥٣ ملیار دینارو هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو بنێریت بۆ هەرێم.

 

پارەی وەبەرهەمهێنانی ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە هەرێم رادەستی بەغدای دەکات، حکومەتی عێراق دەیدات کە دەدرێت بە کۆمپانیا بیانیەکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە ئەم بیرۆکەو رێککەوتنە سەرەتاییە لەگەڵ د. عادل عەبدولمەهدیدا کراوە، کاتی دەبێت، تا حکومەتی ئایندەی عێراق دادەمەزرێت و لەپەرلەمان دەنگی پێدەدرێت، دوایی گوڕێكی تری گفتوگۆ بەمەبەستی رێککەوتنێکی دوور مەودای نێوان هەرێم و بەغدا دەستپێدەکاتەوە.

 

وەفدی هەرێمی کوردستانیش کە لەم رۆژانەدا دەچنەوە بۆ بەغدا بۆ تەواوکردنی ئەو رێککەوتنە سەرەتایەیە، ئەگەر ئەم رێککەوتنەش بکرێت، ئەوا ئەو دەمە هەرێم مانگانە ٤٥٣ ملیار دینار لەبەغداوە وەردەگرێت و، دەبێت بە داهاتی تری ناوخۆ بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەخۆران دابین بکات کە تێکڕای مانگانە دەگاتە نزیکی ٨٩٤ ملیار دینار. 

 

لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ٢٠٢٠ دا وەفدی هەرێم رێککەوتنی سەرەتاییان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی ناوەندیدا سازکرد، کە هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات، بەرامبەر ئەوە حکومەتی ناوەندی مانگانە پشکی تەواوی هەرێم لە بودجەی عێراق بدات کە بڕەکەی لە مانگێکدا ٩٠٠ ملیۆن دۆلارو لەساڵەکەدا نزیکەی ١٠ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری دەکرد، بەلآم لەبەر ئەوەی د. عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکاركێشایەوەو بووبە حکومەتی کاربەڕێکەر، پڕۆژە یاسایی بودجەی پێشکەشی پەرلەمان نەکردو، ئەو رێککەوتنە رووناکی نەبینی.

 

حکومەتی هەرێم لە ئێستادا رۆژانە ٤٦٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لەو بڕە ٣٠ هەزاری بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییەو ٤٣٠ هەزار بەرمیلی دەفرۆشێت. 

 



PM:02:39:03/05/2020