لەبارەی سەندنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر
کۆمەڵ:سەرەتایەکە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئەمنی


لەبارەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتار، سۆران عومەر کە بڕیارە پەرلەمان چوارشەممە بەزۆرینەی پارتی ئەم هەنگاوە بنێت، کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێن" پێشهاتێکی خراپ و مەترسیدارە و سەرەتایەکی تاریکە بە ئاراستەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئەمنی کە لەسایەیدا هیچ مەودایەک بۆ ئازادی دەربڕین و کاری پەرلەمانیی ناهێڵێتەوە" .


لەو راگەیاندنەدا کە ئەمشەو فراکسیۆنی کۆمەڵ لەپەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، هاتووە" لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی گیرۆدەی برسێتی و بێکاری و دەیان قەیرانی دیکەی دروستکراو بۆتەوە و باجی سیاسەتی هەڵە و قۆرخکاریی و گەندەڵیی ٢٩ ساڵی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەدات، لەبری مشورخواردنی خێرای حکومەت لە دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و گونجاو، خۆی خەریککردووە بە هەوڵی سزادان و تۆڵەکردنەوە لە هەرکەسێک ڕەخنەیەک بگرێت و باس لە گەندەڵیی بکات" .


لە راگەیاندنەکەی فراکسیۆنی کۆمەڵدا هاتووە " دوایین هەوڵی سەرۆکی حکومەت لەو پێناوەدا، بەکارهێنانی دادگا و داواکاریی گشتییە بۆ ناچارکردن و بەکارهێنانی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەمان کاک (سۆران عومەر سەعید) .".



"ئەرکی بەڕێزیان و کابینەکەی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بژێوی و گوزەرانی خەڵکە کە بە دوو مانگیش توانای دابەشکردنی موچەیەکی نەماوە "( راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی کۆمەڵ).



فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە کۆتایی راگەیاندنەکەیدا دەڵێن "ئێمە چاوەڕێ بووین ئەم خولەی پەرلەمان لە خولەکانی پێشوو کاراتر بێت لە بینینی ئەرک و مومارەسەی دەسەڵاتەکانی، بەڵام بەداخەوە بەتەواو خراوەتە ژێر هەژموونی هێزێکی سیاسیی دیاریکراو و بۆتە پاشکۆی سیاسەت و ئەجێندای حکومەت و بەوهۆیەشەوە پەرلەمانتاران جگە لەوەی لە ڕۆڵی چاودێریکردن و لێپرسینەوە خراون، خەریکە وایلێدێت نەشتوانێت قسە بکات و ڕەخنە بگرێت ".! 




PM:09:08:04/05/2020