دەنگ بەکابینەکەی مستەفا کازمی درا

بەرەبەیانی ئەمرۆ ٧ی ئایار پەرلەمانی عێراق دوای سێ کاتژمێر دواکەوتن، توانیان دەنگ بە کابینەکەی مستەفا کازمی بدەن.

 

لەو پرۆسیەدا دەنگ درا بە ١٥ وەزارەت و ٥ وەزارەتیش لەلایەن پەرلەمانەوە رەتکرایەوە، هەردوو وەزارەتی نەوت و دەرەوەش دەنگدان لەسەریان دواخرا بۆ کاتێکی تر. ئەو پێنج وەزارەتەی کاندیدەکانی دەنگیان نەهێنا، وەزارەتەکانی ( بازرگانی، داد، رۆشنبیری، کشتوکاڵ، کۆچووکۆچبەران).

 

لەنێو ئەو وەزیرانەی رەتکرانەوە وەزیری دادە کە پشکی کوردەو عەبدولرەحمان مستەفا کۆنە پارێزگاری کەرکوک کاندیدی بوو، بەلآم پەرلەمانتاران رەتیان کردەوە.

 

لەدوای متمانەدان بە کابینەکەی مەستەفا کازمی سەرۆک وەزیران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە زمانی عەرەبی و کوردی نووسیوویەتی " ئەمرۆ پەرلەمان متمانەی بەخشی بە حکومەتەکەم. بی راوەستان کاردەکەم بۆ وەدەستهێنانی بڕوای گەلەکەم. سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەم کە پشتگیریان لێمان کرد. هیوادارم هەموولایەنەکان هاوکاربن لە رووبە رووبوونەوەی ئالنگاریەکان و رێک بکەون لەسەر بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ خزمەتکردنی عیراق".

 

رێگا نەدراو دانیشتنی متمانەدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی لەلایەن میدیاکانەوە رووپێوبکرێت.

 



AM:01:29:07/05/2020