سۆران عومەر داواى بایکۆتى کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەکات

سۆران عومەر لە بارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوای بایكۆتكردنی ئەو كۆبوونەوەیە دەكات لە لایەن پەرلەمانتارانەوە.

 

سۆران عومەر، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان پەیامێکی بۆ سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بڵاوکردەوەو دەڵێت"چاوەڕێی هەڵوێستی باش لە سەرۆكی پەرلەمان دەكەن بۆ واژۆ نەكردنی بەرنامەی كاری ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان".

 

ناوبراو لەو نوسراوەیدا داواش دەکات، پەرلەمانتاران بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ نەکەن، بۆئەوەی دەنگ بەبێدەنگکردنی خۆیان نەدەن.

 

دەقی پەیامەکە:

بۆ سەرۆکی پەرلەمان:
چاوەڕوانی ھەڵوێستی پاش واژۆ نەکردنەکەتین

پاش واژۆ نەکردنی بەرنامەیەکی کار بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، چاوەڕێ دەکەین وەھا کۆبونەوەیەکیش بەڕێوە نەبەیت کە پارتی بەبێ گوێگرتن بۆ ڕازی نەبونی بەڕێزتان بەرنامەی کاری لەگەڵ سکرتێر واژۆکرد، ئەمە چەند بۆ ئێمەیە ھێندە زیاتر بەرامبەر دەسەڵاتی تۆیە تا بڵێن چیمان بوێ دەیکەین! با بیکەن وەک چۆن دوو ساڵ پەرلەمانیان داخست.
ئەمڕۆ چاوەڕوانی ھەڵوێستی واژۆ نەکردنەکەتین تا کۆبونەوەکەیان بۆ نەبەن نەڕێوە.

بۆ پەرلەمانتاران:
دەنگ مەدەن بە بێدەنگ کردنی خۆتان!

ئەمڕۆ پارتی دەیەوێ دوا بزمار لەتابوتی پەرلەمان بدات، بەناوی ھەڵگرتنی پارێزبەندیەوە دەنگتان پێ بدات بە بێدەنگ کردن!
داواکارم تەسلیمی ئەو ئیرادەیە نەبن، ئەو ٧ فراکسیۆنەی کە دوێنێ لە یاداشتێک دا دژی ئەو کارە ھەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند پێویستە ئەمڕۆ نەچنە ھۆڵی پەرلەمان، لێگەڕێن با پارتی بەتەنھا ئەم گاڵتەجاڕیە ئەنجام بدات.
باشترین بژرادە بۆ ڕەدکردنەوەی ئەم کودەتایەی پارتی لەسەر پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەشداری نەکردنە لە وەھا کۆبونەوەیەکدا تا بزانرێ کێ نیساب بۆ پارتی تەواو دەکات!

بۆ پێکھاتەکان:
مەبن بەدارشەقی پارتی دژ بە ئێمە!

پێکھاتەکانیش وەک چۆن لەھەڵبژاردن دا نایەنە ململانێی بەدەستھێنانی دەنگ لەگەڵ لایەنەکان پێویستە لەم بابەتانەدا نەبنە بەشێک لەئەجێندای پارتی، ئەگەر نا ئەوان نوێنەرایەتی دەستی دووی پارتی دەکەن کە عەیبەیەکی گەورەیە بەناوی پێکھاتەی ئاینی و نەتەوەییەوە خۆیان نمایش بکەن و لەژێرەوە پارتی بن وەک چۆن ھەندێکیان بەدەنگی زێرەڤانی دەرچوون!
جێی دەس خۆشیە نوێنەری پێکھاتەکانی لیستی رافیدەین و یەکێتی نەتەوەیی ھەڵوێستیان لەو یاداشتەی ٧ فراکسیۆنەکەدا دژی ھەڵگرتنی پارێزبەندی ڕاگەیاندووە، ھیوادارین ئەوانی دیکەش بتوانن تەعبیر لەخۆیان بکەن.



PM:12:15:07/05/2020