نامەیەکی پیرۆزبایی ئۆردوغان بۆ کازمی: تورکیا لەگەڵ عێراقە لە پێناو پاراستنی یەکێتی خاکەکەی

سەرۆکی تورکیا، ئۆردوغان بەبۆنەی بوونی مستەفا کازمی بە سەرۆک وەزیران نامەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەکردو دەڵێت" تورکیا لەگەڵ عێراقدایە لە پێناو یەکێتی خاکی عێراق و بەرەپێشچوونی، تورکیا دەیەوێت پەیوەندی لەنیوان هەردوو وڵاتدا پێشتربخات کە خزمەتی هەردوو گەلی داروسێ و هاوڕێ بکات".


ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق نامەیەکی پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری تورکیا ئۆردوغانەوە پێگەیشت وەک لە راگەیاندنی فەرمیەکانی عێراقدا بڵاوکراوەتەوە.


لە بەیاننامەیەک کە لەنووسینگەی کازمیەوە بڵاوکراوەتەوە، تیایدا پیرۆزبای لەسەرۆک وەزیران کراوە کە متمانەی پەرلەمانی وەرگرت و، تەمەنا دەکات خێری بۆ گەلی عێراق و ناوچەکە تیابێت.

 
ئوردو‌غان لەو نامەیەدا متمانەی تەواوی هەیە کە حکومەتی کازمی لە ئەرکەکانیدا سەردەکەوێت لەم قۆناگە دژوارەدا کە جیهان و عێراق پیایدا تێدەپەڕێت.

 
ژمارەیەک کێشەی گەورە لەنێوان تورکیا و عێراقدا هەیە، پێش هەر بابەتێکیان پرسی ئاو و دروستکردنی بەنداوی گەورەگەورەیە لەسەر هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات ناو تورکیادا کە کاریگەی گەورەی لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی عێراقی دروستکردووە، هەروەها بوونی هێزەکانی تورکیا لەهەرێمی کوردستان بەبیانووی هێرشەکانی پەکەکە بۆسەر تورکیا، جگە لە بوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە بەعشیقەی نزیک موسڵ، هەروەها کێشەی رۆشتنی نەوتی هەرێم و رێگادانی تورکیا بەفرۆشتنی نەوتی هەرێم لەرێگای بەندەری جیهانەوە، گرنگترین کێشەکانە لەگەڵ تورکیا رووبەرووی کازمی دەبێتەوە.

 


PM:02:14:09/05/2020