پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی دواخستنی کۆبوونەوەیان لەلایەن یەکێتیەوە، راگەیاند

لەبارەی دواخستنی کۆبوونەوەی نێوانیان لەلایەن یەکێتی یەوە، ئەندامێکی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت" بە گشتی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی باشن و كۆبوونەوەكەش هەر ئەنجام دەدرێت، بەڵام دیار نییە چ رۆژێك دەبێت".


كاكەمین نەجاڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە "بڕیار بوو ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر كۆمەڵێك پرس كۆببنەوە، لەوانەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب و بابەتی لامەركەزیی ئیداری و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆخی ناوچەكە، بەڵام لەسەر داواكاریی یەكێتی، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دواخرا".


لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولاشەوە، ئاماژەی بەوە دا: "بە گشتی پەیوەندییەكان لە ئاستێكی باشدان و ڕای جیاوازیش هەیە، ئێمە پەیوەندییەكانمان باشە و پێكەوە لە حكوومەتین و پێكەوەش كار دەكەین، بۆیە ئاساییە‌ ئەگەر ڕای جیاوازیش لەسەر زۆر پرس هەبێت".


لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێ: "ئەو كێشانە، یان ئەو ڕا جیاوازانەی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەن، قابیلی گفتوگۆ و چارەسەرن و هەردوولا بە دیالۆگ چارەیان دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا نین شتەكان گەورە ‌بكرێن، چونكە دۆخی كوردستان و ناوچەكە، ئەوەمان لێ دەخوازێت".
 


PM:03:45:09/05/2020